نوچەنێت
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە بڕیارێکدا هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی نێو شنگال ئاگاداردەکاتەوە لە ماوەی ١٠ رۆژدا لە قەزاکە بکشێنەوە.
ئێستا نزیکەى ١٠ هێزى جیاجیای چەکدار لە شنگال هەن، هێزى پاراستنى ئێزدخان یەکێک لەو هێزانەیە و حەیدەر شەشۆ سەرپەرشتی دەکات. دوو هەزار چەکداری ئەو هێزە بەفەرمى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگەن و دوای ١٧ی ئۆکتۆبەریش ئەوان هەر لە شوێنى خویاندا مانەوە و پاشەکشەیان نەکرد.
بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (رووداو)ی راگەیاند “داوامان لە هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی نێو شنگال کردووە لە ماوەی ١٠ رۆژدا سەرجەم بارەگا حکومییەکانی قەزاکە چۆڵبکەن و لە قەزاکەش دەربچن. هێزی جۆراوجۆر لە قەزاکە هەن و سەر بە حەشدی شەعبی و پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکەن”.
بەشار کیکی دەڵێت، بڕیارەکە لە دانیشینی رۆژی چوارشەممەی رابردوو ٧-٣-٢٠١٨ی ئەنجومەنەکە بە ئامادەبوونی قایمقامی شنگال و سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال دەرکراوە، ئەوان داوایان کردووە هێزە جۆراجۆرەکان لە قەزاکە بچنەدەرەوە بۆئەوەی خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە و ئاسایشیان سەقامگیر بێت.