فه‌رهه‌نگ غه‌فور بۆ كه‌رتی تایبه‌ت : به‌ئه‌ركی نیشتیمانی خۆتان هه‌ستن مه‌هێڵن هونه‌رمه‌ندان داببڕێن
ئامینه عومه‌ر
تایبه‌ت به‌نوچه‌نێت
قه‌یرانی دارایی ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی كوردستان دروستكردبێت، ئه‌وه له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه كاریگه‌ریی نه‌رێنی به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانه‌وه جێهێشتووه، بۆیه به‌ڕێز فه‌رهه‌نگ غه‌فور به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هونه‌ری و رۆشنبیری هه‌ولێر، داوا له‌كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات، له‌م قۆناغه سه‌خته‌دا بەئەرکی نیشتمانی خۆیان هەڵسن، هاوكاری هونه‌رمه‌ندان بن بۆ ئەوەی بواری هونەر سستی تێ نەکەوێت، هونه‌رمه‌ندان له‌خزمه‌تی وڵات دانه‌بڕێن.
ئامینه عومه‌ر : هونەرمەندانیش وەک هەر چینێکی تر مووچەخۆرن، قەیران کاریگەریی لەسەر ئەوانیش هەیە، ئایا بەهۆی ئەوەی ئەوان کەسانێکی دیار و ناسراون و ناتوانن هەندێ ئیشی تر بکەن، قەیرانەکە لەسەر ئەوان سەختتر نییە؟
فه‌رهه‌نگ غه‌فور : بە قەیرانی دارایی کاریگەریی بەسەر تەواوی جەمگەکانی ژیانه‌وه هەیە، کاریگەریی قووڵی بەسەر تەواوی چین و توێژەکانەوە دروستكردووه، بەتایبەتی ئەو توێژانەی داهاتەکەیان تەنیا بریتییە لە مووچەی مانگانە، جا خوا نەکا کە خێزانداری کرێچیی بن، کە ئەوکات بارەکە زۆر زۆر قورسترە و خەمەکە زۆر قووڵترە.
بێگومان به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانیشه‌وه کاریگەریی ئەو قەیرانە زۆرتره، چونکە جگە لەوەی ئەو قەیرانە کاری کردووەتە سەر ژیانی رۆژانەیان، ئەوا کاری لەسەر هونەرەکەیشیان کردووە، سامانی هونەرمەند هونەرەکەیەتی، جا ئەگەر دەرفەتی بە ئەنجامگەیاندنی هونەرەکەی نەما، ئەوکات هونەرمەند تووشی دڵشکانێکی گەورە دەبێ، چونکە لە هونەر بترازێ هیچ پیشە و کارێکی دیکە نازانێ و پێی هەڵناسووڕێ، هونەرەکەیشی وەک دەسکەوتێکی مادی و مەعنەوی لەدەست دەچێ، بۆیە هونه‌رمه‌ند لە دوو سەرەوە كه‌وتۆته ژێر کاریگەریی نەرێنیی ئەو قەیرانە.
ئامینه عومه‌ر : كه‌وایه دۆخی ئێستای هونه‌رمه‌ندان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
فه‌رهه‌نگ غه‌فور : لە راستیدا هونەرمەندان بە گشتی بەهۆی قەیرانەوە کەوتوونەتە (حاڵەتی ناچالاک)، ئەم حاڵەتەش بۆ هونەرمەند زۆر قورسە، چونکە هونەر کاری بەردەوامە و لەگەڵ نوێبوونەی ژیان خۆی نوێ دەکاتەوە، بەڵام کاتێک ئەو نوێبوونەوەیەی نەما و لەمەهامی خۆی سست بوو، کار نەک هەر لە ئاستی هونەریەکەی دەکا، بەڵکو کاریگه‌ریی نه‌رینی لەسەر کۆی بواری هونەری داده‌نێت، کار لەسەر روحیەتی خۆیشی دەکا، کە هەست دەکا لە ئاست ئەو بەرەوپێشچوونەی هونەردا نیە و لە قۆناغەکە دوا کەوتووە و شوێندەستی ئەو دیار نیە.
ئامینه عومه‌ر : واته قه‌یرانه‌كه، له‌زۆر روه‌وه كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند هه‌یه؟
فه‌رهه‌نگ غه‌فور : بێگومان وەک گوتم سەرمایەی هونەرمەند هونەرەکەیەتی، کە دەرفەتی بە ئەنجامگەیاندنی چالاکیی هونەری نەبوو، ئەوا کاریگەرییەکە لەسەر ژیانی کەسی و خێزانی، لەسەر رۆحی، لەسەر فەنتازیا و داهێنانی هونەریشییەوە قووڵ دەبێ و لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دەدرێ، چونکە دەرچەیەکی دیکەی نیە و پیشەیەکی دیکە شک نابا تا لانی کەم ژیانی رۆژانەی خۆی و خێزانی دەستەبەر بکا، چ جای ئەوەی بە هونەرەکەی رابگا.
ئامینه عومه‌ر : به‌ڕای به‌ڕێزت چی بکرێ بۆ چارەسەری ئەو دۆخەی هونەرمەندان؟
فه‌رهه‌نگ غه‌فور : ئێمە هەست بەوە دەکەین و تێدەگەین کە رەوشەکە خراپه، و كاروگه‌ریی خراپی به‌سه‌ر تەواوی خەڵک و دامەزراوەکانیشه‌وه دروست كردووه، ئه‌م ره‌وشه خراپه‌ش چه‌ند هۆكارێك باریهێناوه، كه بریتین له ئەو ستەمەیه كه‌دەوڵەتی عێراق بە بیانووی نادەستووری بەسەر هەرێمی کوردستانی‌دا سەپاندووه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی کە چوار ساڵ لە شەڕێکی دژوار‌دا بووین لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ئاوارەیەکی زۆری ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا بوونە سەرباری بارە قورسەکەی ئێمە.
دەشزانین چارەنووسی ئێمەی هونه‌رمه‌ندیش وەک تێکڕای مووچەخۆران و کاسبکاران بەو دۆخەوە بەستراوەتەوه، چاوەڕێین بزانین عێراق تا چەند لە دانوستان و گفتوگۆ بۆ چارەکردنی کێشەکان جدییە و کارەکان بە کوێ دەگەن.
هەروەها پێمان باشە تا ژیان ئەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، کەرتی تایبەت دەستباری حکومەت و خەڵک بکا، بە تایبەتی ئێمەی هونەرمەندان دەخوزاین کە کەرتی تایبەت لەرۆژگاری سەختی ئەمڕۆدا بە ئەرکی نیشتمانی خۆی هەڵسێ و سپۆنسەری کار و چالاکییەکانی هونەرمەندان بکا، بۆ ئەوەی بواری هونەر سستی تێ نەکەوێ، هەم هونەرمەندیش لە مەهامی خۆی دانەبڕێ.
داوا ده‌كه‌ین حکوومەتیش رەچاوی رۆڵ و پێگەی هونەر بکا و پشتیوانی و ئاسانکاریی زیاتر بە هونەرمەندان بکات، لە ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و گرێدانی چالاکی و بەشداری پێکردنی شاندی هونەریی کوردستان لە فیستیڤاڵ و کۆڕبەندە هونەریە جیهانییەکان.
هەروەها خوازیارین وه‌ك هه‌میشه هونەرمەندان و تەواوی چین و توێژەکانی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته پشودرێژبن، وه‌ك هه‌میشه خۆڕاگربن، دەبێ بزانین ئەو دۆخەش تێدەپەڕێ، وەک چۆن زۆر دۆخی لەوە سەختترمان تێپەڕاند.