نوچەنێت: تایبەت
هێشتا پڕۆسەی وردبینی لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی نەهاتووە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایدەگەیەنێت، لیژنەکەی بەغدا تێبینییان کەم بووە لەسەر لیستی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەیان و تێبینییەکانیان ئەرێنی بووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئومێد محمەد، ساڵح گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی وردبینی لیژنەکەی بەغدا رایگەیاند “ئەو لیژنە وردبینییەی، کە لەبەغداوە هاتبوونە هەولێر، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هاتووەتە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و پڕۆسەی وردبینیکردنەکە لە وەزارەت کۆتایی پێهاتووە و ئێستا لیژنەکە لە بەڕێوبەرایەتی سلێمانین”.
ناوبراوە ئاماژە بەوەدەکات، لیژنەکەی بەغدا بۆ وردبینی لە لیستی موچەی فەرمانبەران، تێبینییان کەم بووە لەسەر لیستی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەیان و تێبینییەکانیان ئەرێنی بووە.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکان ئومێد محمەد گوتی “تائێستا هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە لەو بارەیەوە، بەڵام بەپێی ئەو لێدوانانەی بەغدا بێت، پێش نەورۆز گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەستپێدەکەنەوە”.