نوچهنێت
بەغدا مەرج لەسەر وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنێت و نزیکەی ٢٠٠ دۆلار لەسەر هەر عەمرەکارێک زیاددەکرێت. ئەوەش سەرەڕای وەرگرتنی پشکی خۆی لەو پارەی، کە حکومەتی هەرێم لە عەمرەکارانی وەردەگرێت.
لەدوای راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، رۆژی ٨-٣-٢٠١٨، رێگەدرا تەنیا بۆ گەشتی عەمرە یەکەم فڕۆکە لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەرەو سعودیە بفڕێت. هەروەها لەدوای راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی گەشتی عەمرە لەشاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان چوار هەزار کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی گەشتی عەمرە تۆمارکردووە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند، بەبەراورد بەساڵی رابردوو، نرخی گەشتی عەمرە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، چونکە حکومەتی عێراق مەرجی لەسەر ئێمە داناوە، کە هێڵی ئاسمانی عێراقی عەمرەکاران بگوازێتەوە، ئەوەش سەرەڕای وەرگرتنی پشکی خۆی لەو پارەی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عەمرەکارانی وەردەگرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی “ئەگەر حکومەتی عێراق رێگەبدات کێبڕکێ لەنێوان هێڵە ئاسمانییەکان دروستبێت نرخی عەمرە هەرزانتر دەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو قۆڕغکارییەی عێراق، ناتوانین نرخی عەمرە لە ٩٠٠ دۆلار کەمتر بکەینەوە لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بە ٧٠٠ دۆلار گەشتی عەمرە ئەنجامدەدرا.”