پەرلەمانتارێک: هەموو سێشەممەیەک بۆ عەبادی یەکی نیسانە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەموو سێشەممەیەک بۆ حەیدەر عەبادی، یەکی نیسانە و هیچ متمانەیەکیشم بە بەڵێنەکانی نەماوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٦-٣-٢٠١٨ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسی هەفتانەی خۆی رایگەیاند “پێش نەورۆز بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن و فڕۆکەخانەکانیش دەکەنەوە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رێناس جانۆ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، لەبارەی بەڵێنەکانی حەیدەر عەبادی، بۆ ناردنی موچە پێش نەورۆز رایگەیاند “هەموو سێشەممەیەک بۆ حەیدەر عەبادی، یەکی نیسانە و دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەمە ٢٤ مین هەفتەیە، کە هەفتانە لێدوان دەدات و بەڵێنی لەو شێوەیە دەدات، بەڵام هیچی جێبەجێ ناکات”.

رێناس جانۆ، سەبارەت بە بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت “من هیچ متمانەیەکم بە بەڵێنەکانی عەبادی نەماوە، چونکە هەفتەیەک دەڵێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرم و فڕۆکەخانەکان دەکەمەوە، بەڵام هەفتەی دواتر پەشیمان دەبێتەوە”.

هەروەها ناوبراو گوتی “ئەو دوو موچەی، کە بەڵێنی داوە بۆ وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حکومەتی هەرێمی بنێرێت، بەڵێنی ئێستای عەبادی نییە، دوو مانگ لەمەوبەر سەرجەم کارەکانی لینژنەکانی وردبینی، کە لە بەغداوە نێردرابوون لەو دوو وەزارەتە تەواو بووە، هیچ بیانوویەکی نەبووە تائێستا، کە موچەی نەناردووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com