حدک لەبارەی تیرۆرکردنی فەرماندەکەیانەوە راگەێندراوێک بڵاودەکاتەوە

0

نوچەنێت

حزبی دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا رایدەگەیەنێت، فەرماندەیەکی ناسراویان لە ناوچەی بالیسانی باشووری کوردستان “تیرۆرکراوە”. پۆلیسی راپەڕین-یش دەڵێت “٢١ گوللە بەسەر تەرمی قادر قادرییەوە دیارن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە”.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧-٣-٢٠١٨، تەرمی قادر قادری، کادیر و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)  لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە.

پێنجشەممەی رابردوو ١-٣-٢٠١٨، لە قەزای بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە ناوی سەڵاح عەباس تەقییەوە، بەهۆیەوە خۆی و کوڕێکی تەمەن ٣٣ ساڵی بە ناوی سەباح برینداربوون. دوای چەند کاتژمێرێک لە مانەوەی لە نەخۆشخانە، سەباح گیانی لەدەستدا.

حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە راگەیێندراوێکدا تۆمەتی کوشتنی قادر قادری، خستووەتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران. زانیاریشی لەبارەی چۆنییەتی کوژرانی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە “قادر قادری، بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی بە سەردانێک چووەتە ناوچەی بالیسان – چوارقوڕنە، درەنگانی شەوی رابردوو دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و تیرۆرکراوە، تەرمەکەیشی لەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەی دۆزراوەتەوە و زیاتر لە ٢٠ گوللـەی لێدراون، بەمەش دەردەکەوێت کە لەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تەقەی لێکراوە”.

لە راگەیێندراوەکەی حدکدا ئاماژە بەوە دراوە، کە له‌لایه‌ن پۆلیسەوە تەرمەکەی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی رانیه‌ گواستراوەتەوە، هه‌م له‌لایه‌ن پۆلیس و هه‌م له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منییه‌تی خۆیشیانەوە دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.

هاوکات پۆلیسی راپەڕین راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە “کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بوونی تەرمێک لە گۆڕستانی گوندی هەرتەلی سەر بە ناحیەی بێتواتە ئاگادارکراینەوە. لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانمان لە تیمەکانی بەڵگەی تاوان و بنکەی پۆلیسی شکارتە بۆ شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کەسێک بە ناوی (ق.ع.ق) تەمەن (٥٠) ساڵ، بەڕەگەز خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران و دانیشتوی شاری کۆیە کوژراوە”.

لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا ئاماژە بەوە کراوە کە شوێنی 21 گوللە بەسەر تەرمی قادر قادرییەوە دیارن، ژمارەیەک گوللەی نەتەقیوی چەکی کڵاشینکۆفیش لە شوێنەکە دۆزراونەتەوە. باس لەوەش کراوە، کە لە نەخۆشخانەی رانیە توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکە دەکرێت، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com