فراکسیۆنی پارتی، داوایەک ئاراستەی پەرلەمان دەکات

0

نوچەنێت

فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی بودجەی عێراق، داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان میوانداری سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکات، بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پێشهاتە.

محەممەد عەلی یاسین، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند “پاش کۆبوونەوەی ٣-٣-٢٠١٨، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو پێشهاتەی، کە هاتە پێش، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی پێمانباشبوو یادداشتێک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەین، لەو یادداشتەدا کۆمەڵێک پێشنیازمان هەیە وەکو فراکسیۆنی پارتی”.
 
دەقی یادداشتەکەی فراکسیۆنی پارتی:

بەڕێز سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

یادداشت
سڵاو و رێز

لە دانیشتنی رۆژی شەممە رێککەوتی 3-3-2018 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی داواکاریە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، ئەمەش بەبێ گوێدانە پرەنسیپی شەراکەت و تەوافوقی سیاسی کە عێراقی نوێی لەسەر بونیادنراوە، ئەم یاسایە بە تایبەتی لەو بڕگە و ماددانەدا کە پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، هەوڵ و نیەتی راستەقینەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە نەهێشتن و بچووککردنەوەی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان پیشاندەدات، بۆیە بە بۆچوونی ئێمە ئەم پێشهاتە مەترسیدارە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو پێویستی بە کۆدەنگی نیشتمانی هەیە، بۆ ئەو مەبەستە وێڕای دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی رۆڵی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین وەکو نوێنەری شەرعی و یاسایی خەڵکی کوردستان میوانداری هەریەک لە سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکات بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پێشهاتە.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٦-٣-٢٠١٨

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com