لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و کوردستان، داوایەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکەن

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ (سێشەممە ٦-٣-٢٠١٨)، نوێنەرانی کورد لە هەردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە شەفافانە داهاتەکان بخاتەڕوو بۆ ئەوەی خەڵک بڕیار بدەن پشت بە داهاتی ناوخۆ ببەسترێت یان بودجەی عێراق.

رۆژی ٣-٣-٢٠١٨، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٨ی پەسەند كرد و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری كرد. لە یاساكەدا بودجەی ئەمساڵی عێراق بە ٩١ ترلیۆن و ٦٤٣ ملیار و ٦٦٧ ملیۆن و ٢٣٦ هەزار دینار جێگیركراوە، لەسەر بنەمای فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت بە ٤٦ دۆلار. هەروەها لە یاساكەدا داواكارییە سەرەكییەكانی كورد، كە جێگیركردنی پشكی ١٧%ی بودجە بوو، جێگیرنەكراو بۆ  ١٢.٦% كەمكراوەتەوە، ئەوەش مەرجداركراوە بە هەناردەكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەغداوە.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە لیژنەی دارایی، ئێمە بەشداریمان کرد بۆ ئەوەی بە راشکاوانە بە هەموو لایەک بڵێین، کە ئێمە متمانەمان بە داتا و زانیارییەکانی داهاتی نە حکومەتی هەرێمی کورستان و نە حکومەتی بەغدا هەیە، بەداخەوە لە نێوان هەردوولادا بەهۆی مەوسم و کەشوهەوای هەڵبژاردنەوە یاری بە قووتی میللەت دەکرێت”.

شێرکۆ جەودەت گوتی “بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راشکاوی و بە وردی داهاتی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانی ئەم هەرێمی کوردستانە بە داهاتی ناوخۆوە بخاتەڕوو بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، کە مەسەلەی پەیوەندیکردن بە بەغدا و رازیبوون بە یاسای بودجەی عێراقی بکرێت یان پشت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و نەوت و گازی هەرێمی کورستان ببەسترێت، بۆیە بە راشکاوانە پێمانگوتن، کە ئێمە بەڕاستی ناتوانین لەسەر ئەساسی زانیاری وردبینی نەکراو و متمانە پێنەبوو بڕیار بدەین لەسەر ئەوەی هەڵوێست بەرامبەر بە بەغدا چۆن بێت، پێویستە بەغداش ئیلتیزام بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بکات و بە زووترین کات موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت”.

لەلایەکی دیکەوە مەروان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تیمی حکومەت لەسەر ئەو بڕە پارەیەی وەکو شایستە و وەکو بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، تاوتوێی ئەو بابەتەکرا، هەموو لایەنەکان بە جدیی هەڵوەستەیان لەسەر ئەوەکرد کە حکومەتی ناوەندی تاوەکو ئێستا جدیی نەبووە بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ئیستحقاقی حکومەتی هەرێمی کوردستانە”.

مەروان گەڵاڵی گوتی، ئەو بابەتە پێویستی بە دانیشتنی زیاتر و وردەکاریی زیاتر دەکات، نوێنەری سەرجەم لایەنەکانی تێدابوون بە تایبەتی نوێنەرانی کورد ڵە حکومەتی فیدراڵی، سەرۆک فراکسیۆنەکانیش بەشداربووین، خوازیاریشم بە هەموو لایەکمان بتوانین زیاتر داکۆکی بکەین لەسەر ئیستحقاقی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بگەینە هەدەفێک کە هەموو لایەکمان پێی رازی بین.

د.ڤالا فەرید، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند “دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لەنێوان حکومەت و نوێنەرانی گەلی کوردستان لە بەغدا لە لیژنەی دارایی و پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و دوو لیژنەی پەیوەندیدار لیژنەی یاسایی و لیژنەی دارایی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتی عێراقی 2018 دەرحەق بە گەلی کوردستان کراوە پێچەوانەی دەستووری عێراق و پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە لە عێراق و لە هەمانکاتدا پێچەوانەی بەشێک لە یاساکانە لە هەرێمی کوردستان، تەنانەت پێچەوانەی ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتیانەشە کە عێراق ئەندامە تێیدا، کە تەئکید لەسەر یەکسانی و جیاکاری نەکردن لەنێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە.

هەروەها ئەوەش روونکرایەوە، کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام بێت بۆ فەراهەمکردنی ئەو بەشە بودجەیەی کە هەرێمی کوردستان شایەنیەتی، چونکە ئەوەی گوزەراوە لەناو یاسای پەسندکراوی بودجەی گشتی عێراق، بە هەموو شێوەیەک زوڵمە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت بە تایبەتی لە مووچەخۆرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

، ڤالا فەرید سەبارەت بەوەی هیچ رێککەوتنێک کراوە لە کۆبوونەوەکە یان نا گوتی “لەسەر ئەوە رێککەوتین، کە نوێنەرانی گەلی کوردستان لە عێراق بە یەکەوە راگەیێندراوێک بڵاوبکەنەوە، لە راگەیێندراوەکە بۆ خەڵکی کوردستانی روونبکەنەوە، کە ئایا ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتی عێراقی فیدراڵدا چەسپاوە باشتر و زیاترە لەوەی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەدەستی دێنێ؟ بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بۆخۆی ناوبژیوان بێت لەوەی، کە ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com