نوچەنێت:تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ، بۆ قۆناغی داهاتوو، بڕیارێکی گونجاوەنەدەن، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە.
دژایەتی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان هەرجارەی بە بیانوویەکە، بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا، سەرەتای ئاشکراکردنی دژایەتییەکان بوو.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، نەجیبە نەجیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، لە بارەی بڕیارەکانی بەغدا لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، رایگەیاند”بودجەی گشتی ٢٠١٨ ی عێراق، پێچەوانی سیاسەتی دەوڵەتی یەکگرتوو -و شەراکەتە لەعێراق، بەڵگەش بۆ ئەوە نەدانی بودجەی پێشمەرگە، کەمکردنەوەی پشکی هەرێم، گوڕینی ناوی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی بودجەیە بەبێ کورد”.
نەجیبە نەجیب دەڵێت”ئەو سیاسەتانەی ئێستا حکومەتی عێراقی، لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان، گروتوویەتییە بەر، بۆ داهاتوو زۆر مەترسیدارن، چونکە ئەوە شەڕێکی ئابوری و دارایییە، بۆ ئەوەی هەرێم بەتەواوی بکەوێتە ژێرباری بەغداوە”.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت”ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، بەیەکەوە بڕیارێکی گونجاو نەدەن، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا لەقۆناغی داهاتوودا، کیانی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە ئەوان دەیانەوێت سیستەمی فیدڕاڵی لەهەرێمی کوردستان نەهێڵن”.