نوچەنێت
ئەمڕۆ سێشەممە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حکومەت گفتوگۆی یەکلاکەرەوە لەبارەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨، دەکات.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: ئەمڕۆ (سێشەممە ٦/٣/٢٠١٨) کۆبوونەوەیەکی فراوان لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەفین دزەیی بە ”کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری“ ناونا، تاوتوێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ و پشکی هەرێمی کوردستان کراوە، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە ٣/٣/٢٠١٨ پەسەند کرا و تێیدا ”رێز لە هاوبەشی کوردستان نەگیرا“.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە لە ماوەی داهاتوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی جددی تر و یەکلاییکەرەوە لەبارەی ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق، ئەنجام دەدات.
بودجەی عێراق بۆ ٢٠١٨، ١٠٤ تریلیۆن و ١٥٨ ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و ٥٩٤ ملیار دینار بۆ ئەمساڵی کوردستان دانراوە. ئەوەش لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا بڕیاردرابوو یەک تریلیۆنی دیکە بۆ پشکی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.
رۆژی شەممە ٣-٣-٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەی سوننە مەزهەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٨ پەسەندکرد.
مەسعود حەیدەر لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە راوێژکاری لێژنەی دارایی پەرلەمان بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد سێ تریلیۆن دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، بەڵام حەیدەر عەبادی رەتی کردەوە سێ تریلیۆن زیاد بکات و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی هەڵەی کردووە و دەبێ تریلیۆنێکی دیکە زیاد بکرێت، واتە بکرێتە حەوت تریلیۆن و نیو.