نوچەنێت: روداو
ئەوەی كورد دەیویست و داوای دەكرد، لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگای نەكرایەوە، تەنانەت بایكۆتی بە كۆمەڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش وای لە پەرلەمانتارە سوننە و شیعەكانی عێراق نەكرد دەرفەتێكی دیكە بهێڵنەوە بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ كورد و بەو شێوەیەی دەیانویست، دەنگیان بە پرۆژە یاسای بودجە دا و پەسەند كرا. كورد بە نێوماڵە لێكترازاوەكەیەوە دەیەوێ كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی هاوبەشی كوردستانی رێكبخات و پەرلەمانتارێكیش دەڵێ “پێموایە هێشتا دانوستاندنی ژێربەژێر هەیە، با كورد بە یەكجاریی بێهیوا نەبێ”.
پەرلەمانتارێكی پارتی: پاشەكشە یان بایكۆتی هەڵبژاردن باشترین چارەسەرە
رۆژی 3/3/2018 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2018ی پەسەند كرد و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری كرد. لە یاساكەدا بودجەی ئەمساڵی عێراق بە 91 ترلیۆن و 643 ملیار و 667 ملیۆن و 236 هەزار دینار جێگیركراوە لەسەر بنەمای فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت بە 46 دۆلار. هەروەها لە یاساكەدا داواكارییە سەرەكییەكانی كورد كە جێگیركردنی پشكی 17%ی بودجە بوو، جێگیرنەكراو بۆ 12.7% كەمكراوەتەوە، ئەوەش مەرجداركراوە بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەغداوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دەڵێ تەنیا رێگای بەردەم ئەوان لە بەغدا بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای بودجە بەو شێوەیەی ئێستا تێنەپەڕێ، بایكۆتكردنی دانیشتنەكان بووە، بەڵام دەركەوت فراكسیۆنە شیعە و سوننەكانی پەرلەمانی عێراق بێباك بوون لەوەی كورد هەركاردانەوەیەكی هەبێ “ئەو یەكڕیزییەش كە فراكسیۆنە كوردییەكان نیشانیاندا، هێشتا ناتوانی بڵێی لە ناوەڕۆكیشدا یەكڕیزن، چونكە ناكۆكی قووڵ لە نێوان حیزبەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و ئەوەش وای كردووە ئاسان نەبێ بتوانین بڕیارێكی هاوبەش بدەین بۆ مامەڵەی دواتر لەگەڵ بەغدا”.
پەرلەمانتارێكی گۆڕان: لە بەغدا بكشێینەوە ئێران دەروازەكان دادەخاتەوە
موسەننا ئەمین دەڵێ، رێكخستنی كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی حیزبەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق، پێشنیازی ئەو بووە. بەڵام زەحمەتە حیزبەكان بۆچوونی هاوبەشیان هەبێ لەبارەی ئەوەی كورد دەبێ چی بكات.
پارتی: یان پاشەكشە یان بایكۆتی هەڵبژاردن
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون، بەڵام لە بنەڕەتدا هەردوو بۆچوونەكە لەیەكەوە نزیكن. د.عەرەفات كەرەم، پەرلەمانتاری پارتی، پەسەندكردنی بودجە بەو شێوەیە بە ستەمێكی دیكەی بەغدا لە كورد دەزانێ و دەڵێ “فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان سەرپشك كردووە بۆ وتوێژكردن لەگەڵ سەركردایەتی سیاسیی حیزبەكانی باشووری كوردستان بۆ ئەوەی بڕیارێكی هاوبەش بدرێ كە ئێمە چی بكەین”. گوتیشی “گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی چیدی بەغدا جێگای ئێمە نییە و كاك ئارامیش بڕوای وایە دەبێ حیزبەكان ئەو پرسە دراسە بكەن”.
پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ: دەبێ داواكارییەكانی بەغدا جێبەجێ بكەین
فراكسیۆنە كوردستانییەكان كاتێك زانییان بایكۆت سوودی نییە، پەنایان بردە بەر سەرۆكی كۆمار، وەكو پارێزەرەی دەستوور. بەپێی قسەی عەرەفات كەرەم، لەو كۆبوونەوەیەدا د.فوئاد مەعسووم، بە فراكسیۆنە كوردستانییەكانی راگەیاندووە “پۆستەكەم بەلاوە گرنگ نییە و سەركردایەتی سیاسی كورد هەر بڕیارێك بدات ئامادەم جێبەجێی بكەم”.
بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی پێیانوایە دەبێ كاردانەوەی كورد بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق بێت “بەشێكیشیان لەگەڵ ئەوەن بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێ، سەرۆك كۆماریش داوای كرد پەلە نەكەین تاوەكو راوێژ لەگەڵ سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دەكەین”.
یەكێتی: قسەی ژێربەژێر هەیە
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، وای دەبینێ دۆخی دارایی خەڵكی كوردستان و نێوانی حیزبەكانیش هێندە خراپە، ئەستەمە بتوانرێ بڕیاری كشانەوە لە بەغدا پەسەند بكرێ “یەكێتیش ئەم پرسەی نەخستووەتە بەردەم سەركردایەتییەكەی تاوەكو بڕیاری لێ بدات”، نەوزاد رەسوڵ، تاوەكو ئێستاش نازانێ رای یەكێتی چی دەبێ، بەڵام بۆچوونی خۆی ئەوەیە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان گونجاو نییە بۆ كشانەوە و بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق.
پەرلەمانتارێكی یەكێتی: دۆخی كوردستان گونجاو نییە بۆ كشانەوە و بایكۆتی هەڵبژاردن
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی باسی بۆچوونی نێو پەرلەمانتارانی كورد دەكات لە بارەی پەسەندكردنی بودجە، هەرچەندە بایكۆتی دانیشتنەكانیشیان كردبوو لەپێناوی 17%ی بەشی كورد، بەڵام دەڵێ “پسەی ژێر بەژێریش لە نێو هەندێكیان هەیە، هەندێكیان پێیانوایە هێشتا بەوە رازی ببین باشترە، چونكە ئەگەر هەندێك راستكردنەوەی لیستی فەرمانبەران هەبێ و رێكبخرێنەوە، بەو پارەیەی بەغدا ئیدارە دەدرێ”.
گۆڕان: لەگەڵ كشانەوە نین
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دوێنێ یەكشەممەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكانی كرد لە بەغدا و هیوای خواست درێژەی هەبێ. ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ ئەوەی بەوان دەكرا كردیان “بەڵام هیوادارین سەركردایەتی سیاسیی كورد هەنگاوی دروست بنێن”.
پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو: تەنیا كارتی كشانەوەمان بەدەستەوە ماوە
شیرین رەزا، پێیوایە “كشانەوە و بایكۆتكردنی بەغدا هەڵەی گەورەن. دوای كشانەوە لە بەغدا جارێكی دیكە ئێران دەروازەكان دادەخاتەوە و هەنگاوی باش پابەندبوونە بە دەستووری عێراق و جێبەجێكردنی مەرجەكانی بەغدا بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر ببن”. ناوبراو پێشبینی دەكات دوای كۆبوونەوە بەرفراوان و چاوەڕوانكراوەكەی نێوان حیزبەكانی كوردستان و حكومەت، كورد هێمن ببێتەوە “ئەم بودجەیە تەنیا بۆ یەك ساڵە و دەبێ هەوڵ بدەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا باشتر بكەین”.
یەكگرتوو: كارتێكمان بەدەستەوە ماوە
پێش بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014، ساڵانە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق یەكێك لە گرفتە هەرە ئاڵۆزەكان بوو. چونكە بەردەوام ئەو بۆچوونە لەنێو پەرلەمانتارانی شیعە و سوننەی عێراقدا هەبووە كە كورد مافی وەرگرتنی كەمتر لەوەی هەیە كە داوای دەكات. لە نوێترین پێشهاتیشدا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان یادی راپەڕینەكانی خەڵكی كوردستان پیرۆز دەكات و بەدەرفەتی دەزانێ لەو بۆنەیەدا هەڵوێستێكی نیشتمانی هاوبەش لە نێوان حیزبەكان رابگەیێندرێ دژی پەسەندكردنی بودجەی عێراق كە بارزانی وەك “چەوساندنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی كوردستان”ناوی بردووە.
تاڵەبانی تەنیا لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا ئەو دەسەڵاتەی هەبووە
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار داوای كردووە د.فوئاد مەعسوم كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەركردەی حیزبەكانی كوردستان بكات و بڕیارێكی هاوبەش گەڵاڵە بكەن بۆ ئەوەی كورد چی بكات بەرامبەر بەغدا “دوای ئەوەی ئاكامی نەبوو داوام كرد لە ئارامی شێخ محەممەد ئەوە بكات، ئێستا من پێشنیاز دەكەم كۆبوونەوە گرنگەكە بكرێ، چونكە لەم عێراقەدا ئێمە هیچمان پێناكرێ”.
موسەننا ئەمین، كشانەوە بە باشترین بژارە دەزانێ ئەگەر بۆ ئەوەش بێ پەیامێك بدەنە رای گشتیی جیهان بۆ ئەوەی گوشار لە بەغدا بكرێ “ئێمە ئێستا ئەو كارتەمان بەدەستەوە ماوە و بەداخەوە هێشتا هەندێك لایەن پێیانوایە نابێ ئەو كارتە بەكاربهێنین، بەڕاستی چارەسەری ئێمە تەنیا ئەوەیە”.
كۆمەڵ: دەبێ داخوازییەكانی بەغدا جێبەجێ بكرێ
كورد بە بایكۆتی هەڵبژاردن و كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی شتێكی نوێ دەكات یان هەمان ئەزموونی سوننە دووبارە دەكاتەوە لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی عێراقدا؟
ئەندامێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رای وایە كە “دەبێ سەرەتا نێوماڵی كورد رێكبخرێتەوە و دیموكراسی و دادپەروەری و یەكڕیزی دروستبكرێ، چونكە لەو رووانەوە بەغدا باشترە لە كوردستان”.
سەرۆككۆمار ناتوانێ بۆ گەڕاندنەوەی یاسای بودجە ڤیتۆ بەكاربهێنێ
زانا روستایی، باسی عەرەبی سوننە دەكات كاتێك پرۆسەی سیاسیی عێراقیان بایكۆت كرد “دەركەوت ئەزموونێكی شكستخواردووە و سەرنجی نێودەوڵەتیش بۆ لای دۆزی كورد راناكێشێ”.
ئەو دەڵێ “فرۆشتنی نەوت لە رێگای سۆمۆوە موناقەشە هەڵناگرێ و دەبێ هەرێمی كوردستان پێی رازی بێ”.
سەرۆككۆمار ڤیتۆی لەدەست نەماوە
هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد پێیانوایە سەرۆك كۆمار دەتوانێ ئەو یاسایە رەتبكاتەوە و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێ “سەرۆك كۆمار هەموو هەوڵێكی خۆی دا و سوودی نەبوو، بۆیە تازە ئەو یاسایە دەرچووە و سەرۆك كۆمار ئیمزای بكات یان نا، كاری پێدەكرێ”.
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، هەروەها بە (رووداو)ی گوت، بەكارهێنانی ڤیتۆ تەنیا لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی مام جەلالدا هەبووە و دواتر ئەو دەسەڵاتە لە سەرۆك كۆمار وەرگیرایەوە “ئەگەر تاوەكو 15 رۆژ دوای پەسەندكردنی یاساكە سەرۆك كۆمار ئیمزای نەكات، بۆ خۆی یاساكە جێبەجێ دەبێ”.
گوتیشی: “بەڵام واتێدەگەم لە ژێرەوە هەوڵ هەن بۆ ئەوەی چارەسەرێك بدۆزرێتەوە، چونكە قسەكانی كاك نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە بێهیوایی پێوە دیار نەبوو”.