نوچەنێت: تایبەت
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركوك رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ کەسێک لەسەر تەقەکردنەکەی شەوی رابردوو دەستگیرنەکراوە.
شه‌وی رابردوو له شەقامی سه‌هۆڵه‌كه‌ی سلێمانی، ته‌قه له موقه‌ده‌م خالید حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی عه‌مید سه‌رحه‌د قادر كرا و چوار فیشه‌كی به‌ركه‌وت، موقه‌ده‌م خالید دوای رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، له شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركوك رایگەیاند “موقه‌ده‌م خالید حه‌سه‌ن، دوای ئەوەی شەوی رابردوو درایە بەر دەستڕێژی گوللە، ئێستا نەشتەرگەری بۆکراوە و باری تەندروستی باشترە بووە و لەژێر چاودێری پزیشکدایە”.
هەروەها گوتی “لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و ئاسایش لەسەر رووداوەکە بەردەوامە و بەشێوەیەکی باش دەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر نەکراوە”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین و خێزانەکەشیان دەڵێن، لەگەڵ هیچ کەس کێشیەکیان نەبوو.