نوچه‌نێت: تایبەت
پەرلەمانتارێک رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره سبه‌ینێ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بگاتە هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان كۆببنه‌وه.
له كۆتا كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، پڕۆژه یاسایی بودجه‌ی گشتی عیراق بۆ سالی 2018، به‌بێ كورد تێپه‌ریندرا، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانی لێكه‌وته‌وه و پڕۆژه یاساكه‌یان ره‌تكرده‌وه. هەروەها ئەمڕۆ (دووشەممە ٥-٣-٢٠١٨) بە بڕیاری عەبادی یەک تریلیۆن دینار بۆ موچە بە بەشە بودجەی هەرێم زیاد کرا.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ته‌لار له‌تیف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی یه‌كێتی رایگه‌یاند: بڕیاره سبه‌ینێ سێشه‌ممه ٦-٣-٢٠١٨، لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بێنه په‌رله‌مانی كوردستان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی یاسایی و نوێنه‌رێكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه.
له‌باره‌ی ئامانجی سه‌ردانه‌كه ته‌لار له‌تیف گوتی، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ل په‌رله‌مانی كوردستان، تاوتوێی بودجه‌ی گشتی عێراق و پشكی هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بودجه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن.