نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، گوتاری رۆژی هەینی لە مزگەوتەكاندا یەكدەخرێت و ئەو مزگەوتانەی لەیەکتری نزیکن و دەنگیان تێکەڵاوی یەکتر دەبێت، گوتارەکانیان دەکرێتە یەک.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم، پێنج هەزار و ٥٤٣ مزگەوت لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، لە سێ هەزار و ١٤ مزگەوتیاندا گوتاری هەینی دەخوێنرێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزاتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بە پشتبەستن بە خاڵ و راسپاردەکانی کۆنفرانسی رێکخستنی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠١٦ بەسترا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەوێ بڕیاردرا، کە ئەو مزگەوتانەی لە یەکتری نزیکن و دەنگیان تێکەڵاوی یەکتر دەبێت، لە گوتاری هەینی، وتارەکانیان بکرێتە یەک”.
گوتەبێژەکەی وەزاتی ئەوقاف رونیشیکردەوە، کە ئەو مزگەوتانەی گوتارەکانیان دەکرێتە یەک وتار، مامۆستاکانیان بەشێوەیەکی دەوری، هەر یەکەیان هەفتەیەک گوتار پێشکەش دەکات. گوتیشی “ئەم بڕیارە بەمانای داخستنی مزگەوت نایەت، بەڵکو ئەمە لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانە، بۆئەوەی زیاتر سود لەگوتاری هەینی وەرگرن”.
نەبەز ئیسماعیل ئاماژە بەوە دەکات، کە لەئێستا لیژنەیەکی باڵای شەرعی لەسەر ئاستی ئەوقافی گشتی پارێزگاکان پێکهاتووە، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.