هەنگاوی داهاتوی کورد دوای پەسەندکردنی بودجە

0

نوچەنێت: تایبەت

رۆژی شەممە بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنە کوردییەکان، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقی تێپەڕاند و بە زۆرینەی دەنگ یاساکەی پەسەند کرد و یەکێک لەو هەنگاوانەی باسدەکرێت کشانەوەی کوردە لەپڕۆسەی سیاسی عێراق. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “ئەگەر کورد بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی بکات، پێویستە لەسەرۆککۆماری عێراقەوە دەستپێبکات تاکو کۆتایی”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد عوسمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، لە بارەی هەڵوێست و هەنگاوی کورد دوای پەسەندکردنی بودجە رایگەیاند “دوو بۆچوون هەیە لەبارەی هەنگاوی داهاتوو یەکەمیان ئەوەیە، بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی بکەین و بگەڕێینەوە کوردستان، ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، پێویستە لە سەرۆککۆمارەوە بێتە خوارەوە تاوەکو وەزیر و پەرلەمانتاران و سەرجەم بەڕیوبەرە گشتییەکان و تادوای هەمووان بەیەکەوە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراق بکەین”.

محەمەد عوسمان لەبارەی بایکۆتەوە دەڵێت “ئەگەر بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی نەکرێت دەتوانرێت بەشیوەیەکی دیکە هەڵوێست وەرگرین، یاخود ئەگەر دەیانەوێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکەین دەبێت جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ دەستور و هەموومان دەستور جێبەجێبکەین”.

هاوکات د. ئەردەڵان نورەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هەنگاوی داهاتووی کورد، بەنوچەنێت-ی گوت “زۆر پلان هەیە کورد بۆ داهاتوو دیراسەی دەکات، بەڵام تائێستا هیچ یان بڕیاری لەسەر نەدراوە، چونکە ئەوبڕیارە لای ئێمە نییە بەڵکو بڕیار لای سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانە و دەبێت ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن”.

ئەدەڵان نورەدین، بە پێویستی دەزانێت هەنگاوی داهاتووی کورد هەنگاوێکی بەهێزبێت و دەشڵێت “بەڵام کامە کارت و کامە فشار بەکار دێنێت، تائێستا روون و ئاشکرا نییە، دەبێت بەکۆی دەنگ بێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بەبایکۆتی پڕۆسەی سیاسی کورد لە عێراق، گوتی “لەوانەیە ئێمە ناچار بین ئەو هەنگاوە بنێین، بەڵام تا تاچەند ئەوە بڕیارێکی گونجاوە، دەوستێتەوە سەر دیراسەی بڕیاردانی سەرکردایەتی کورد”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com