نوچەنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەسەندکردنی بودجەی عێراق بەو شێوەیەی هەیە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، چەوساندنەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی کوردستانە و داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بڕیارێکی هاوبەش بدەن.
لە پەیامێکدا، کە ئەمڕۆ (یەکشەممە ٤/٣٢٠١٨) بڵاوی کردووەتەوە، مەسعود بارزانی ڕایگەیاندووە، لە بیست و حەفتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان و سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان.
بارزانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە، ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١، هێمای خۆبەدەستەوەنەدان و قبوڵنەكردنی زوڵم و داگیركارییە، دەستكەوتەكانی ئەو ڕووداوە مەزنە دیارن و ڕاپەڕین پەندێكی گرانبەهایە بۆ هەموومان، كە ماف و ئازادی نابەخشرێت بەڵكو دەبێ بەدەستی بهێنین.
لەبارەی بودجەی عێراقەوە بارزانی ئاماژەی بەوە داوە “ئەوەی بە ناوی پەسەندكردنی بودجە لە ٣ـ ٣ـ ٢٠١٨ لە پارلەمانی عێراقدا ڕووی دا، بە ڕوونی بریتی بوو لە پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازون و بنەماكانی دەستوور و چەوساندنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی كوردستان. هیوادارم ئەو هەڵسوكەوتە زۆر لە ڕاستییەكانی بۆ ناوخۆی كوردستان و دەرەوە ئاشكرا كردبێت و بزاندرێت، كە گەلی كوردستان لەگەڵ چ عەقڵیەت و فەرهەنگێك تەرەفە.
بارزانی دەڵێت “كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پەرلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن”.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی مەسعود بارزانی، بەبۆنەی بیست و حەفتەمین ساڵی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە بیستو حەفتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان و سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان.
ڕاپەڕینی بەهاری 1991 هێمای خۆبەدەستەوەنەدان و قبوڵنەكردنی زوڵم و داگیركارییە، دەستكەوتەكانی ئەو ڕووداوە مەزنە دیارن و ڕاپەڕین پەندێكی گرانبەهایە بۆ هەموومان كە ماف و ئازادی نابەخشرێت بەڵكو دەبێ وەدەستی بهێنین.
ئەوەی بە ناوی پەسەندكردنی بوودجە لە 3ـی 3ـی 2018 لە پارلەمانی عێراقدا ڕووی دا بە ڕوونی بریتی بوو لە پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازون و بنەماكانی دەستوور و چەوساندنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی كوردستان. هیوادارم ئەو هەڵسوكەوتە زۆر لە ڕاستییەكانی بۆ ناوخۆی كوردستان و دەرەوە ئاشكرا كردبێت و بزاندرێت كە گەلی كوردستان لەگەڵ چ عەقڵیەت و فەرهەنگێك تەرەفە. كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پەرلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن.
لەیادی ڕاپەڕیندا پێزانینم بۆ خەڵكی كوردستان هەیە و پڕ بە دڵ سوپاسیان دەكەم كە لەبەرانبەر ئابڵۆقە و گوشار و داگیركاریدا بە سەربەرزی و خۆڕاگری و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین وەستاون.
مسعود بارزانی
4ـی3ـی2018