نێچیرڤان بارزانی: دەبێت سەرۆککۆماری عێراق هەڵوێستی هەبێت

0

نوچەنێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند “دەبێت د، فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق هەڵوێستی هەبێت”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، پرەنسیپی شەراکەت لە عێراق بە پەسەندکردنی بودجە بەبێ کورد پێشێل کرا، ئەوەش جێی نیگەرانیمانە.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بەڵێنەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت “هاوڵاتیانی کوردستان ئومێدێکی زۆریان بە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق هەبوو، ئێمەش هەرچی پێمانکرا کردمان بۆئەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بێ بەڵێن دەرچوو”. 

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی “من تاوەکو ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بێئومێد نەبوومە، ئەگەر بێئومێدیش بووم لەوەی کێشەکان چارەسەرناکرێن، بە روون و راشکاوی لەگەڵ خەڵکی کوردستان قسە دەکەم”.

لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش ئایا بودجە رەتدەکەنەوە یان قبوڵی دەکەن؟ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “هەڵوێستی روونی ئێمە، هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لە پەرلەمانی عێراق، کە بودجەیان رەتکردەوە، ئەوە هەڵوێستی ئێمەشە و پاڵپشتی دەکەین”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا ئایا لە بەغدا دەکشێنەوە؟ یان بژاردەی دووەم چی دەبێت؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی “لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین، بەردەوامبوونمان بۆ ئەوەیە بتوانین بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین”.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە “بەغدا تەنیا هی هیچ لایەنێک نییە، هی هەموومانە، هێ ئێمەشە، دەبێت بەردەوام بین، کەی گەیشتینە بنبەستیش بە خەڵکی خۆمان دەڵێین”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟ ئایا ئێوە خەتابارن بە مەرجەکانیان پابەندنابن، یاخود ئەوان؟ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “ئەوەی پێویست بووە و لەچوارچێوەی دەستووردا بووە جێبەجێمانکردووە، هیچ خاڵێکیش نابینین، یان بڵێن لەو خاڵە ناکۆکن لەگەڵ ئێمە، ئێمە هەر چاوەڕوانی ئەوەین، کەی ئەو رێککەوتننانەی کردوومانن جێبەجێبکرێن”.

لەبارەی دابەشکردنی موچە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “بەپێی ئەو داهاتەی هەمانە لە دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبین، بەڵام لەدوای رووداوەکانی کەرکوک داهاتمان بۆ نیوە دابەزیوە”.

دەقی پرسیاری رۆژنامەنووسان و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی:

پرسیار: دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، داواتان لە سەرۆککۆماری عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: بنەماکە بۆ ئێمە ئەوەیە کە کێشەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکرێت، هەر لەو پێناوەشدا هەر لایەنێک کە بتوانێت یارمەتیی هەردوو لامان بدات، خۆشحاڵ دەبین.

سەرۆک کۆمار خۆی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان دیداری هەبووە، بە دڵنیاییەوە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی هەڵوێست دەکەن، ئەو سەرۆک کۆماری عێراقە و بەپێی دەستوور دەبێ مافی هەموو عێراقییەکان لە نێویشیاندا کورد، بپارێزرێت. 

پرسیار: کورد چی بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەمان ئەو ڕەوشانە نەبێتەوە؟ جگە لەوەش سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو ڕوو نیشان دەدات، ئەم دوو ڕووییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بنەمای دامەزراندنی دامەزراندنەوەی عێراق لە ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای شەراکەتە، لەسەر ئەوە دامەزراوە کە بەپێی دەستووری عێراق، دەبێ مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور زامن بکرێ. دەستوور ڕێگەچارەی بۆ ئەم مەسەلانە داناوە. بابەتی زۆرینە و کەمینە، ئێمە چەند کورسیشمان هەبێ، بە دڵنیاییەوە بە بنەمای زۆرینە و کەمینە هاووڵاتییانی کوردستان زەرەرمەند دەبن، بەڵام ئەمە ئەو عێراقە نەبوو کە هەرێمی کوردستان دەیخواست. ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لە عێراق دروست بوو، لە ئەنجامی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بوو، ئەگەر دەیانەوێ فعلەن ئارامی و سەقامگیری لەم وڵاتەدا هەبێ، دەبێ بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییان بکرێ.
بابەتی هەڵبژاردن دەبێ بە جددی کاری لەسەر بکرێ، بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان دوای قسەکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بڕیاری خۆی دەدات. 
ئێمە لە گفتوگۆ داین لەگەڵ عێراق، بەڵام با بەراوردێک بکەین، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان یەکجار زۆر بڕوایان بە بەڵێنەکانی بەغدا هەبوو بەر لە دوو مانگ، هەرێمی کوردستانیش بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی خۆی و جێبەجێکردنی ئەو دەستوورەی هەموو لایەنەکانی عێراق و کوردستان قسەی لەسەر دەکەن، هەموو ئیشێکی کرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر بپرسین ئایا لە هەرێمی کوردستاندا گلەیی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق ناکرێ بڵێن ئەو هەموو قسەت کرد، چیت جێبەجێ کرد؟ بەڵێ قسە هەیە و شت هەیە، بەڵام یەک هەنگاویش کە بەجێ گەیەندرابێ، نەبووە. گفتوگۆمان هەیە و چەندین جار لەگەڵی دانیشتووین، بەو هیوایەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە. ئەگەر لێم بپرسن بێهیوا بووی لە چارەسەرکردنی کێشەکان؟ من دەڵێم نەخێر بێهیوا نیم و ڕێگە هەیە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکەین. ئەگەر بێئومێدیش بووم، زۆر بە ڕاشکاوانە لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان قسە دەکەم.

پرسیار: بەڕێزت یەکێک بووی لە بەشداربووانی کۆنگرەی لەندەنی ئۆپۆزسیۆن کە عێراقی لێ دروست بوو، چی بوو وای لێهات کورد لە پەرلەمانی عێراق وەک کەمینە سەیر بکرێ؟ ئایا ئەمە دوژمنکارانەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر ئێمە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ بگەڕێینەوە، دیسان دەیڵێمەوە، عێراقی نوێمان لەسەر بنەمای شەراکەت لە نێوان کورد و شیعە و سوننە و مەسیحی و تورکمان و ..هتد دروست کردەوە و زۆر بە هیواوە چووینەوە عێراق و لە پێناو یەکێتی و یەکگرتوویی عێراق، ئەوەی لە دەستمان هات، کردمان، چونکە هیوامان بەوە بوو کە ئایندەیەکی باش بۆ گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەستەبەر دەکرێ. پێش ٢٠٠٣ ڕاستە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووین، بەڵام تەنانەت ئەو پارەیەی لە کوردستان خەرج دەکرا، جیابوو لەوەی لە بەغدا هەبوو. بەو هیوایە چووین کە ئایندەیەکی ڕۆشنتر لەگەڵ بەغدا چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکات و بەڵگەیەکیشمان هەیە کە پێی دەڵێن دەستووری عێراق و دەبێ جێبەجێ بکرێ. ناڵێم هەموو شتێک خەتای بەغدایە، بەڵام بەرپرسیارێتیی گەورە لە ئەستۆی بەغدایە و دەبووایە بە جددی بیری لە جێبەجێکردنی دەستوور بکردایەتەوە. 
ئەگەر دەمانەوێ عێراقێکی خۆشگوزەران هەبێ کە لەگەڵ هاووڵاتییانی و دراوسێکانی بە خۆشی بژی، کێشەکان قەت بەوە چارە ناکرێ کە کێ بەهێزە و کێ لاوازە؟ کێشە لە عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق چارەسەر دەکرێ. دەبێ بۆ ئایندەی عێراق ڕوئیامان هەبێ و ڕوون بێ. دەبێ لۆژیکی کێ بەهێزە و کێ لاوازە تەواو ببێت.

پرسیار: سەردانی میونشنتان کرد و کۆمەڵێ کۆبوونەوەتان ئەنجام دا، ئەنجامی کۆبوونەوەکان بە کوێ گەیشت؟ کەی هەڵبژاردنی کوردستان دەکرێ؟

نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ عەبادی لە میونخ و پێشتریش لە داڤۆس زۆر باش بوون و گفتوگۆی جددیمان کرد لەسەر چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکان، بۆچوونمان وایە ناتوانین هەموو کێشەکان ئێستا تا هەڵبژاردن چارەسەر بکەین، گوتمان کێشەی مووچە و فڕۆکەخانەکان دەکرێ پێش هەڵبژاردن چارەسەر بکەین و ئەوانەیتر دوای هەڵبژاردنەکان، من بەردەوام تاوەکوو ئێستا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵم و قسەکانمان بە تەلەفۆن و دیتن بەردەوامن و هیوام وایە دەتوانین هەندێک لەو کێشانە چارەسەر بکەین، ئەگەر نەمتوانی بە ڕاستگۆیی لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ خەڵکی کوردستان قسە دەکەم. 
لەگەڵ پەرلەمان لەسەر هەڵبژاردن بە درێژی قسەمان کرد، ئەگەر بمانەوێ زووتر هەڵبژاردن بکەین، دەبێ یاسا هەموار بکەین، بۆ ئەمەش باوەڕ ناکەم پاڵپشتی هەموو فراکسیۆنەکان هەبێ، من لە ماوەیەکی نزیکدا بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکەین. 

پرسیار: ئەگەر بەرپرسانی ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتان ببینی چییان پێ دەڵێی؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر ئەوان ببینم پێیان دەڵێم ئێوە لە ڕاگەیاندراوەکەی خۆتان دەڵێن دەمانەوێ حکومەتێکی هەرێمی کوردستانی بەهێز هەبێت، وەرن پێمان بڵێن پێناسەی ئەو ڕستەیە بکەن، ئایا ڕاستە حکومەتێکی هەرێمی کوردستانی بەهێز هەیە؟

پرسیار: کورد کەی لە بەغدا دەکشێتەوە؟ ئایا بۆ مووچە چی دەکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەم بابەتانە، هەموو ئامانجیشمان ئەوەیە بتوانین بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی دەستەبەر بکەین، ئەوەیتر بەپێی ئەو داهاتەی دێتە دەستمان، مووچە دابەش دەکەین، ئینجا بە چەندی بێت، ئەوەندە دابەشی دەکەین. چونکە دوای کەرکووک داهاتی ئێمە نیوە بووە و ڕەنگە کەمتریش بێت. 
بابەتی داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئارادا نییە و بەو هیوایەین بگەینە ڕێککەوتن و فڕۆکەخانەکان بە تەواوی بکرێنەوە. 

پرسیار: پلانی داهاتوو چی دەبێت لەگەڵ بەغدا؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە تاوەکوو ئێستا بێهیوا نین لەوەی دەمانەوێ کێشەکان چارەسەر بکرێت، دیسان دەیڵێمەوە بەغدا تەنیا هی ئەوانە نییە کە ئێستا لەوێدان، بەغدا هی ئێمەشە و هی هەموومانە، دەبێ دەوری خۆمان لە بەغدا ببینین و تێیدا بەردەوام بین، ئەگەریش گەیشتینە بنبەست، دەبێ بە خەڵکی کوردستانی ڕابگەیەنین. تا ئەم چرکەساتەی ئێمە تێیداین، بابەتی بودجە زۆر جێگەی نیگەرانییە، هەر پارە نییە، ئەوان بنەمایەکی سەرەکییان تێکدا کە شەراکەتە و ئەمە جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ جێی نیگەرانیی ئێمەیە، بەداخەوە هەنگاوێکە بە ئاراستەی تێکدانی شەراکەت لە نێوان پێکهاتەکان. 

پرسیار: دەتوانیت ڕاشکاوانەتر پێمان بڵێی ئێوە یاسای بودجەی عێراق رەت دەکەنەوە یان قەبوڵی دەکەن؟ بەغدا داوای شایستە داراییەکانی نەوتی کەرکووک لە هەرێمی کوردستان دەکات، ڕاستە؟

نێچیرڤان بارزانی: فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق کردیان و ڕەتیان کردەوە، ئەوە هەڵوێستی ئێمەشە و پاڵپشتی دەکەین.
ئێمە لە ساڵانی ڕابردوو پارەیەکمان تەرخان دەکرد وەکوو پەترۆ دۆلار لە کەرکووک خەرج دەکرا، هەندێک لەو پارەیە لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە کە بڕەکەی بە دیاریکراوی نازانم چەندە، ئەوە پارەی پڕۆژەکانی خەڵکی کەرکووکە، ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە کە دەبێ بیگرنە بەر، ئەگینا وەکوو بنەما لە پێدانی پەترۆ دۆلار بە کەرکووک هەر وەک خۆی ماوە و لەو بەشە هەندێک پارە ماوە. 

پرسیار: ڕۆڵی کوردستان لە نەوتی کەرکووک چییە ئێستا؟

نێچیرڤان بارزانی: دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر عێراق ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵ کردووە کە نەوتی کەرکووکی لێوە دەهات، پێشنیاز ئەوەیە کە ئێمە یارمەتیی عێراق بدەین بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ دەرەوە، ئێمە ئامادەین کە عێراق بتوانێ لەو بەشەش مووچەی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات. بەپێی زانیاریمان ئەو ڕێککەوتنە هەیە کە بە تانکەر نەوتی کەرکووک بۆ ئێران ڕەوانە بکرێ، بەڵام بەپێی زانیارییەکانمان هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردن.

پرسیار: لەبارەی پابەندنەبوونی بەغدا بە شەراکەتەوە قسەی تۆ چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: یاسای بودجەی عێراق نیشانی دەدات کە بەغدا پابەندی شەراکەت نییە، دیارە ئەو شەراکەتەی زۆر پێ موهیم نییە، نیشانیشیان دا کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشیان پێ گرنگ نییە. 

پرسیار: بەغدا دەڵێ کەموکوڕی لە وردبینی لە لیستی مووچەدا هەیە بۆیە پارە نانێرێت، ئایا ڕاستە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بیانەوێت بیانوو بگرن، لیستی ئێمە لەسەر بنەمای بایۆمەتری بووە و ئەوەندە خراپەی تێدا نەبووە، من پێشنیازم بۆ عەبادی کرد کە کێشە نییە وردبینی لە هەر چ شتێک دەکرێ بۆ ناوەکان، بەڵام با جارێ سولفەیەک بنێرن و لەپاڵیدا وردبینی بکرێ، وەکوو بنەما ئەوەی قەبوڵ کردووە، بەڵام هێشتا هیچ شتێک نەنێردراوە. 

پرسیار: خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا چییە کە وایکردووە ڕێک نەکەون؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی ئێمە پێمان کراوە و پێویست بووە و لە چوارچێوەی دەستووردا بووە، لەلایەن خۆمانەوە جێبەجێمان کردووە، تائێستا نەیانگوتووە لەوەدا لەگەڵماندا ناکۆکن، هەر چاوەڕێین کەی ئەو شتانەی ڕێککەوتنمان لەسەری کردووە، جێبەجێ بکرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com