نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەرماڵەی مەترسی رێکدەخرێتەوە، بەجۆرێک، کە هەرکەسێک شایستە نەبێت پێی نادرێت.
دوای چەندین کۆبوونەوە لەسەر پڕۆژهیاسای چاكسازی (خانهنشینی، موچه، دهرماڵه، بهخشین و ئیمتیازاتهكان)، رۆژی سێشەممە ٢٧-٢-٢٠١٨، پەرلەمانی كوردستان هەموو ماددەکانی پڕۆژەیاساکەی پەسەندکرد و بەو شێوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پڕۆژەیاساکە جێبەجێ بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەدینە ئەیوب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند”بەپێی پڕۆژەیاسای پەسەندكراوی چاكسازی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە، دەرماڵەی مەترسی رێکدەخرێتەوە و بە جۆرێک، کە هەر کەسێک شایستەی ئەو دەرماڵەی مەترسییە نەبێت پێی نەدرێت، بەڵکو بەو کەسانە دەدرێت، کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بەهۆی پیشەکەیانەوە، بۆ نمونە ئەو کەسەی لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا کاردەکات”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کە پڕۆژەیاسای چاکسازی خاڵی زۆر باشی تێدایە و رێگری لە گەندەڵکاری دەکات. دووپاتیشیکردەوە “کە دەستكاری دەرماڵەكان ناكرێت، تاکو سیستەمی پاشەكەوتی موچە هەڵنەوەشێتەوە”.
مەدینە ئەیوب دەشڵێت “یەکێک لە ماددەکانی پڕۆژەیاساکە، کردنەوەی حسابێکی بانکییە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پاشەکەوتی موچەکەیان دەخرێتە سەر ئەو حسابە بانکییە، ئەمەش زامنی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران دەکات”.