ئێران بە نهێنی ئەنجامی دەدات

0

نوچەنێت

ئێران و-وڵاتانی ئەوروپی، بەرەبەرە لە کۆتایی وادەی دیاریکراوی سەرۆکی ئەمریکا، بۆ پێداچوونەوە بە رێککەوتنی ئەتۆمی نزیک دەبێنەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانی و یەک لەوان ئاژانسی رۆیتەرز، ئاشکرایان کردووە. سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا ،دانوستان و گفتوگۆی ژێربەژێریان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دەست پێکردووە، بەڵام نەک لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵکو لەبارەی گۆڕینی سیاسیی ناوچەیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامەی تایمی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، خولی یەکەمی ئەم گفتوگۆیانە لە میانەی کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن، بەڕێووەچووە.

ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، بڕیارە خولی دووەمی دانوستاندنەکانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپی، لە ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.

لەبارەی تەوەری سەرەکی خولی یەکەمی دانوستاندنەکان، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، دەستوەردانەکانی ئێران لە یەمەن و پڕچەککردنی حوسییەکان بە موشەکی بالستی، تەوەری سەرەکی خولی یەکەم بووە. بە گشتیی ئامادەبوونی سەربازی سوپای پاسداران و سوپای قودس لە سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن بابەتی گفتوگۆکانی خولەکانی داواتر دەبن.

بە پێی راپۆرتەکان، ئەم گفتوگۆیانە لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. هاوکات ئەوروپیەکان لە هەوڵدان، بڕوا بە سەرۆکی ئەمریکا بهێنن کە رێککەوتنی ئەتۆمی وەک خۆی بهێڵێتەوە.

بە گوتەی دبلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی، کە بەشداری دانوستانەکانی میونش بووە. هەڵوێست و روانگە  و چاوەڕوانی وڵاتانی رۆژئاوایی سەبارەت بە دەستوەردانەکانی ئێران لە یەمەن، بە روونی گەیێندراوەتە ئێرانییەکان و ئەوانیش لە وەڵامدا،هەر جۆرە دەستوەردانێکیان لە یەمەن رەتکردۆتەوە. بە پێی لێدوانی ئەم دیبلۆماتکارەی ڕۆژئاوا، هاوکاری لایەنی ئێرانی لەم گفتوگۆیانە ئەرێنی بووە.

رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، بە گێڕانەوە لە سەرچآوەکانی نووسیویەتی، ڕۆژئاواییەکان لەبارەی بەردەوام بوونی سیاسەتی تێکدەرانە و دەستوەردانەکانی تاران لە کاروباری ناوچە، بە روونی  قسەیان لەگەڵ لایەنی ئێران کردووە. هۆشدارییان داوەتێ و پێیان راگەیێندراوە، نەگۆڕینی ئەم سیاسەتە، سزای ڕۆژئاوای بە دواوە دەبێت.

هەوڵەکان بۆ قەناعەت هێنان بە سەرۆکی ئەمریکا، بە ئامانجی مانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی، لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئێران بە هۆی ئەم رێککەوتنەوە سوودمەند نەبێ، لێی دەکشێتەوە.

١٨ی فێبریوەری بوو کە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونش بەشداری کرد. هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە، گفتوگۆی ژێربەژێری لایەنی ئێرانی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان بەڕێوە چووە. بە بێ ئەوەی میدیایی بکرێتەوە. بڕیارە خولی دووەمی ئەم گفتوگۆیانە، کۆتایی مانگی مارس لە ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.

ئەمە نەریتێکی هەمیشەیی ئێران بووە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی جەخت دەکاتەوە کە رێککەوتنی ئەتۆمی و گفتوگۆی سەرلەنوێ لە بارەی ئەم دۆسیە، قابیلی قبوڵ نییە، بەڵام دەرکەوت کە بە خشکە و بە بێ دەنگی  ودوور لە چاوی کامێراکان، راکێشی سەر مێزی دانوستان کراوە.

پێشتریش هاوشێوەی ئەم دانوستانە ژێر بە ژێرانە، لە ئێران روویداوە. نموونەی بەرچاو، گفتوگۆی نهێنی لایەنی ئێرانی و ئەمریکی بوو لە عەمان، بەر لەوەی خولی پێشووی هەڵبژاردەکانی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوە بچێت.

ئێستا کە هەواڵی گفتوگۆی داخراو و ژێربەژێر ئێرانییەکان و ڕۆژئاواییەکان، کەتۆتە ڕۆژەڤەوە، چاودێرانی سیاسیی  پێیانوایە، هە ئێرانیەکان هەم وڵاتانی ئەوروپی لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی ناوەندین. بەڵکو لەم رێگەیەوە، رێککەوتنی ئەتۆمی لە مەترسی هەڵوەشانەوە بپارێزن. خاڵێکی هاوبەش کە هاوکات بۆتە بەرژەوەندی هاوبەشی ئێرانی و ئەوروپییەکان.

تا ئێرە، لایەنەکانی ئەوروپی هاودەنگییان لەگەڵ ترەمپ کردووە، بە تایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی.

لە نوێترین هاودەنگیدا،٢٧ی فێبریوەری بەریتانیا، بە رەزامەندی فەرەنسا و ئەمریکا، رەشنووسی بڕیارێکی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بەرز کردەوە، کە  لە دژی ئێران و لەبارەی پشتیوانی ئێران لە حوسییەکانی یەمەن ئامادە کرابوو. ئەگەر رووسیا بڕیارەکەی ڤیتۆ نەکردبایە، بە دەنگی ئەرێنی ئەندامان پەسەند دەکرا.

لەو رووەوە کە خولی یەکەمی گفتوگۆکانی ئێران و سێ زلهێزی ئەوروپا، بە شێوەی شاراوە ئەنجام دراوە تا ئێستا ئەجێندای خولی دووەمی گفتۆکان روون نییە، بۆ نموونە، روون نییە ئایا بێجگە لە سیاسەتی ناوچەیی ئێران، بەرنامەی موشەکی ئێران دەخرێتە سەر مێزی دانوستان یاننا.

ئەگەر ئێران لە خولی یەکەم، پێداگری لە سەر سیاسەتی خۆی کردبێتەوە، شتێکی چاوەڕواننەکراو و سەیر نییە. ئەوەی گرنگ و مانادارە، بڵاو بوونەوەی هەواڵێکی لەم چەشنە بوو، بەرپرسانی فرۆکەخانەی میونش، لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئامادەنەبوون سوتەمەنی بۆ فرۆکەی وەزیری دەرەوەی ئێران دابین بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com