نوچه‌نێت: تایبەت
قایمقامی قه‌زای سه‌یدسادق رایده‌گه‌یه‌نێت، دانانی سیسته‌می ١٦ ئه‌مپێری رانه‌گیراوه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كاتی وه‌ستاوه، چونكه داوای تێستمان له كاره‌بای گشتی سلێمانی كردووه.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی بلاوكراونه‌ته‌وه، بڕیاره له سنوری پارێزگای سلێمانی سیسته‌می پێوه‌ری زیره‌ك بۆ ماڵان جێبەجێ بكرێت له باتی سیسته‌می ١٦ ئه‌مپێری.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، دیاری ره‌فیق، قایمقامی سه‌یدسادق، سه‌باره‌ت به راگرتنی دانانی سیسته‌می ١٦ ئه‌مپێری و جێبه‌جێكردنی سیسته‌می پێوه‌ری زیره‌ك رایگه‌یاند: ئاگاداری ئه‌وه نین، كه بڕیار درابێت سیسته‌می پێوه‌ری زیره‌ك بۆ ماڵان دابندرێت، به‌ڵام له سه‌یدسادق دانانی سیسته‌می ١٦ ئه‌مپێری به‌رده‌وامه.
دیاری ره‌فیق دەڵێت، له ئێستادا دانانی سیسته‌مه ١٦ ئه‌مپێریه‌كه به كاتی راگیراوه، چونكه داوای تێستمان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی كردووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه دانانی سیسته‌مه ١٦ ئه‌مپێریه‌كه ده‌ستپێبكاته‌وه.
قایمقامی سه‌یدسادق گوتیشی، ئه‌و دوو گه‌ڕه‌كه‌ی سه‌یدسادق، كه سیسته‌مه ١٦ ئه‌مپێریه‌كه‌یان بۆ دانراوه، رۆژانه ١٥ كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانیان پێده‌درێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زیاتریش بكات.