نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی پەرلەمانتارەکان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی دەیڵێن، خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و مەبەست لێی موزایەدەی سیاسییە.
دوای چەندین کۆبوونەوە لەسەر پڕۆژهیاسای چاكسازی (خانهنشینی، موچه، دهرماڵه، بهخشین و ئیمتیازاتهكان)، رۆژی سێشەممە ٢٧-٢-٢٠١٨، پەرلەمانی كوردستان هەموو ماددەکانی پڕۆژەیاساکەی پەسەندکرد و بەو شێوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پڕۆژەیاساکە جێبەجێ بکات، دوای پەسەندکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان، ناڕەزاییان لەدژی پڕۆژەیاساکە دەربڕی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی ناڕەزایی هەندێک فراکسیۆن و پەرلەمانتار، لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی رایگەیاند “لە کۆتایی پڕۆژەیاساکەدا، کە کۆی ماددەکانی پەسەندکران، هیچ فراکسیۆن و پەرلەمانتارێک نەبوو لەدژی بووەستێتەوە، ئەوەی دەنگۆی دروستکردووە هەڵەتێگەیشتنێکە و موزایدەی سیاسییە”.
شیلان جەعفەر دەڵێت “ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە دەیکەن ئێستا، بەرژەوەندی تایبەتییە، کە مەبەست لێی بانگەشەی هەڵبژاردنە و هیچی تر نییە، چونکە ئەو پەرلەمانتارانەی بەنیازن جارێکی دیکە خۆیان کاندید بکەنەوە بۆ هەڵبژاردن، دەیانەوێت لەبەهای پڕۆژەیاساکە و ماندووبوونەی هاوپێشەکانیان کەمبکەنەوە، کە کاریان تێداکردووە”.
لەبارەی موچهی خانهنشینی پهرلهمانتاران، كه چوار ملیۆن دینار دانراوه، شیلان جەعفەر گوتی “ئەوەی ئەو گرفتەی دروستکردووە، ئەو لێکتێنەگەیشتنەیە، کە لەنێوان خەڵک و پەرلەمانتاراندا، لەسەر موچەی پەرلەمانتارانە و بەناعەدالەتی بڵاویانکردووەتەوە لەناو خەڵک، کە ئەمە دوورە لە راستییەوە، چونکە هەموو پەرلەمانتارێک موچەکەی ٤ ملیۆن دینار نابێت، بەڵکو لە ٢ملیۆنەوە دەسپێدەکات تاکو ٤ ملیۆن دینار، کە ئەوەیش بەپێی شەهادە و ساڵانی خزمەتی و تەمەنی یاسایی کەسەکە دەبێت”.