نوچەنێت: تایبەت
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١-٣-٢٠١٨ لە دانیشتنی پەرلەمانی عیراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ دەستیپێکرد و فراکسیۆنە کوردیەکانیش بایکۆتی دانیشتنەکەیانکرد، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، ١٣ماددە لەپڕۆژەیاساکە پەسەندکراوە و یەکێک لەماددەکانیش، پەیوەندی بەپشیکی کوردەوە هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەجیبە نەجیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند “ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەستیکرد بە پەسەندکردنی ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٨ و فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیانکرد، پەرلەمان ١٣ماددەی پەسەندکرد و یەکێک لە ماددەکان، پەیوەندی بەپشیکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە”.
ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بەکۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەش دەڵێت “ئەگەر حەیدەر عەبادی، نییەتی دەستکاری کردنی پشکی کورد و چارەسەری کێشەکانی نەبێت، ئەوا هیچ سودێکی نییە”.
نەجیبە نەجیب گوتیشی “هێشتا هەموو ماددەکانی پڕۆژەیاساکە پەسەند نەکراوە، ئەگەر حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رازی بێت بەزیادکردنی پشکی کورد، ئەوکاتە دەتوانێت هەموار کردنێک بنێرێت و ماددەکانی هەمواربکرێتەوە”.