قوباد تاڵەبانی، لەبارەی چاکسازی هەرێم روونکردنەوەدەدات و پرسیارێک ئاراستەی بەغدا دەکات

0

نوچەنێت

قوباد تاڵەبانی، لە وتارێکدا، رەخنە لە حکومەتی عیراق دەگرێت کە تا ئێستا قسەکانی نەکردۆتە کردار و دەڵێت، یاری بە دەرونی خەڵکی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ١-٣-٢٠١٨، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کوردستان، لە وتارێکدا لە کاتی راگەیاندنی بە یئەلیکترۆنی کردنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و بەڵێنەکانی بەغداکرد. تێێدا رەخنەی لە حکومەتی عیراق گرت و پرسیارێکی ئاراستەکردن.

تاڵەبانی، ئاماژەی بە هاتنی لیژنەکانی بەغدا بۆ وردبینی کرد و گوتی “چەند مانگێکە بەغدا چەند لیژنەیەکى بۆ وردبینى ناردووە. ئێمە تەواوى کارئاسانى و زانیارییەکانمان خستنەبەردەست. سیستەمى بایۆمەترى فەرمانبەرانى هەرێممان پێدان، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە  راگەیاندن گوتى،  موچەى فەرمانبەرانى هەرێم خەرجدەکەم، بەڵام هیچمان نەبینى، ئێمە رێگەماندا تیمەکانى پشکنین بێن کارى خۆیان بکەن، بەڵام مووچە هەر نەهات”.
جێگری سەرۆکی حکومەت پەیامێک ئاراستەی بەغدا دەکات و دەڵێت “ئێمە داواکارین چیدیکە یارى بە دەروونى میللەتەکەمان نەکرێت، ئەگەر بەغدا خواستى خەرجکردنى مووچەی هەیە با مووچەى وەزارەتى پەروەردە و تەندروستى، کە خۆیان دەیانەوێت بیدەن، خەرجبکەن، بەڵام تا هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، بەغدا یارییەکەی زیاتر دەکات”.

هاوکات ئاماژەی بە – بەردەوامی ئابڵوقی سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێم دا. سەبارەت بە نەوتی کەرکوک گوتی”ماوەیەکە نەوتى کەرکوک راگیراوە، کوردستان بە بەغدای گوتووە، دەتوانرێت بە بۆرى نەوتى کوردستان نەوتى کەرکوک رەوانەى دەرەوە بکرێت و بفرۆشرێت، داهاتەکەشى بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەتى عێراقى و هەموو لایەک لێى سوودمەندبن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەشیان نەکردووە”. 

قوباد تاڵەبانی ئەو کارەی حکومەتی عیراق بە بیانوو دەزانێت  و دەڵێت “حکومەتى عێراق بیانوو لەدواى بیانوو خەریکە خەڵکى کوردستان و ئێمە وەک حکومەتى هەرێمی کوردستان بێزار دەکات، تاوەکو لە هەڵبژاردنەکانیش نزیکببینەوە ئەو یاریە زیاتر دەبێت”.

قوباد تاڵەبانى لەبارەی بە ئەلیکترۆنیکرنی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند  “وەزارەتى خوێندنى باڵا هەنگاوى گرنگی بەرەو چاکسازى ریشەیى کارگێڕى و دارایى ناوە. وەزارەتى دارایى پێداچوونەوەیەکى سەرتاسەرى کردووە، بەتایبەت لە پێداچوونەوەى سیستمى باج و کارگێڕى و دارایى”.

تاڵەبانی جارێکی تر باسی حکومەتی عیراقی کردو گوتی” ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم، هەنگاوی گرنگمان بەرەو چاکسازی ناوە. بەڵام حکومەتی عیراق بۆ جاکسازی چیکردووە؟”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com