نەجمەدین کەریم: بەر لە کۆنگرە پێویستە سەرەتا متمانە بۆ خەڵکی یەکێتی بگەڕێنرێتەوە

0

نوچەنێت: روداو

لە هەڵبژاردنی خولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا 150 هەزار دەنگی هێنا و پێنج كورسی بۆ حیزبەكەی لە كەركووك مسۆگەر كرد، بەڵام ئێستا ناتوانێ‌ بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارەی كە خەڵكەكەی بەو هەموو دەنگە متمانەیان پێدا.

د.نەجمەددین كەریم، پارێزگاری كەركووك و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، باسی پێشبینییەكانی خۆی بۆ دەنگەكانی كورد لە كەركووك دەكات و دەڵێت: “ئەگەر كورد چوار كورسی بهێنێ‌ گەورەترین موعجیزەیە”.

ئەو پێشبینی دەكات كورد لە كەركووك دوو تا سێ‌ كورسی بهێنێ‌. سەبارەت بە كۆنگرەی یەكێتی، د.نەجمەددین كەریم دەڵێت نازانێ‌ كۆنگرە دەكرێ‌ یان نا، بەڵام ئەگەر بكرێ، بە مەرج بەشداریی تێدا دەكات.

نەجمەددین كەریم لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) نهێنییەك لەبارەی رێككەوتنی ئێران و عێراق لەسەر نەوتی كەركووك ئاشكرا دەكات و دەڵێت ئەو كاتەی لە كەركووك بووە، ئاراسی شێخ جەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەك هاتووەتە لای بۆ راكێشانی بۆڕیی نەوتی كەركووك – كرماشان، ئەویش بیرۆكەكەی پێ‌ پەسەند بووە، بەڵام پێیگوتوون دەبێ‌ ئەو كارە لە رێگەی وەزارەتی نەوتەوە بكرێ‌.

رووداو: ‌‌ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا گوتی 60 ملیۆن دۆلاری پارەی پترۆدۆلار خراوەتە سەر حیساب بانكی تۆ، ئەم مەسەلەیە چۆنە؟

نەجمەددین كەریم:‌ پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 10 ملیۆن دۆلاری وەكو پارەی پترۆدۆلار دەنارد بۆ كەركووك، پارەكەش بەناوی ئیدارەی كەركووكەوە دەنێردرا، نەك بە ناوی من، ئەو پارەیە بۆ ماوەی شەش مانگ بەناوی ئیدارەی كەركووك دەنێردرا، خەرجكردنەكەشی تەنیا بە دەستی من نەبوو، بەڵكو وەكو رێكارێكی یاسایی، هەر دۆلارێك لەو پارەیە خەرج كرابا، دەبوو سێ‌ واژووی لەسەر بێ‌، پارەكەش تەنیا بۆ تەواوكردنی پرۆژە كۆنەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەی تازە خەرج دەكرا، هەندێكیشی دەدرایەوە قەرز، لەبەر ئەوەی كەركووك سێ ساڵ بێ بودجە بوو قەرزێكی زۆر لەسەرمان كەڵەكە ببوو. ئەوە عەلی حەمەساڵح ئەو تۆمەتەی خستووەتە پاڵ من، هیچ بەڵگەیەكیشی نەبوو، ئەو تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە كارێك بۆ خەڵك بكات، تەنیا بەدوای پڕوپاگەندەوەیە، بەر لەوەی ئەو كارە بكات دەبوو لە من بپرسێ یان لە بانكی كوردستان بپرسێ‌، بەڵام لەبەر ئەوەی تەشهیری بە من كردووە و هیچ بەڵگەیەكی نییە، سكاڵام لەسەر تۆمار كردووە و لە ماوەیەكی كورتدا لە دادگا رووبەڕووی یەكدی دەبینەوە.

رووداو: ‌‌بەڵام دەگوترێت بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە پەرلەمانتارەكە بەڵگەی هەیە؟

نەجمەددین كەریم: نەخێر‌ هیچ بەڵگەیەكی نییە، من لە رۆژی دادگایی دەیسەلمێنم بۆ هەموو خەڵكی كوردستان كە ئەو پڕوپاگەندانە ئامانج لێی لەكەداركردنی من و كارەكانی منە. ئەوان دەیانەوێ بەو كارانە دەنگ كۆبكەنەوە، بەتایبەتی لە كەركووك دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت كە پێگەی نەجمەددین كەریم چۆن بووە، دەزانن هێشتا هەزاران هەزار لایەنگری من لە كەركووكە. لەم چەند رۆژەی رابردوودا وێنەیان بە ماڵەكاندا دابەش كردووە و داوایان كردووە ئێمە بگەڕێینەوە و شكۆی كورد بگەڕێتەوە، ئەم كارانە شێتی كردوون. هەر بۆیە لەم چەند رۆژەدا هەواڵێكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكردووەتەوە گوایە من لە نەخۆشخانە بووم و گیانم لە دەستداوە، بەڵام من لە رێگای دادگاوە ناهێڵم بەو ئامانجە بگەن.

رووداو‌‌: تاچەند ئاگاداری رەوشی كەركووكی؟

نەجمەددین كەریم: مامەڵەی هێزە عێراقییەكان لە 16ی ئۆكتۆبەر لەو شارە بە چ جۆرێك بوو، هەر وەكو خۆی ماوە، بەردەوامن لە سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی كورد، لەسەر پەیكەری پێشمەرگە ئاڵای عێراقیان هەڵكردووە. ئەو كەسانەی دەرفەتیان بە حكومەتی عێراق دا و بەو خیانەتە ئەم رۆژەیان دروستكرد، پێیانوابوو خۆیان دەتوانن ئازاد بن، كەچی ئێستا نەك ناتوانن ئاڵای كوردستان هەڵبكەن، بەڵكو ناتوانن ئاڵای حیزبەكەشیان هەڵبكەن. لە كەركووك هەموو شەوێك موداهەمەی گەڕەكێكی كوردنشین دەكرێت، كوشتن و رفاندن زۆر بووە و ئازادیی تێدا نەماوە، خەڵك ناوێرێت بە ئۆتۆمبێلی مودێل بەرزەوە بسووڕێتەوە. خەڵكی شارەكە بێزارن و بەزۆر ئەم دۆخەیان بەسەردا سەپێنراوە.

رووداو:‌‌ باشە ئەگەر ئەمە دۆخی ئێستای كەركووك بێ، بۆ هەڵبژاردنەكەی مانگی ئایار پێشبینی چی دەكەیت؟

نەجمەددین كەریم:‌ من پێشتر داوام كردبوو لایەنە سیاسییەكان لەو شوێنە داگیركراوانە بەشداری هەڵبژاردن نەكەن، لەبەر ئەوەی زیاتر لە 200 هەزار كەس كەركووكیان جێهێشتووە، نزیكەی 60 هەزار كەسیان دەنگدەرن و ناتوانن لە رۆژی دەنگداندا بگەڕێنەوە، ئەو خەڵكەی لە پێش 2003 ئاوارەبوون و لە شارەكانی كوردستان بوون و بۆ دەنگدان دەگەڕانەوە كەركووك ئەوانیش نایەنەوە، كەواتە تۆ 50%ی دەنگەكانت رۆیشتووە، تۆ چۆن لە هەڵبژاردنێك بەشدار دەبیت كە رەنگە ئەو كوردەی لە كەركووكیش ماوە دەنگ نەدەن لەبەر ئەوەی بڕوایان بەهیچ شتێك نەماوە، كەوایە بێگومان دەیدۆڕێنی.

رووداو:‌‌ پێشبینیت بۆ كورسییەكانی كورد چییە؟

نەجمەددین كەریم:‌ لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت، ناتوانم ژمارەكە بەدروستی دیاری بكەم، بەڵام ئەگەر چوار كورسی بهێنین ئەوە گەورەترین موعجیزەیە. پێموایە كورد دوو بۆ سێ كورسی دەبات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنە شەرعییەت بە پرۆسەكە دەدات، دواتر ناتوانی تانەی لێبدەی، هەر چەندێكیش بهێنی لە بەغدا كاری پێناكرێ، ئەگەر كورد دوو بۆ سێ كورسی بهێنێت ئەوەی دیكە بۆ عەرەب و توركمان دەڕوات.

رووداو‌‌: بۆچی خۆت كاندید نەكرد لەكاتێكدا خۆت دەڵێی دەنگ و لایەنگرت لەو شارە زۆرە؟

نەجمەددین كەریم: ‌من لە هەڵبژاردنێك بەشداری ناكەم كە لە شارێكی داگیركراو بەڕێوەبچێت، لە شارێك كە ئازادیی تێدا نەبێ، من دەزانم لەم دۆخە هەشت كورسی بۆ كورد نایەتەوە و پێموایە دۆزی كورد ئێستا لە دەرچوون و دەرنەچوونی من زۆر گەورەترە.

رووداو‌‌: دەڵێن نەجمەددین كەریم چووەتەوە بۆ كەركووك و لە كەیوان بووە، ئەمە راستە؟

نەجمەددین كەریم:‌ ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەكانی دەرەوەی كوردستان هەیە. بەدواداچوون بۆ دۆخی كەركووك دەكەین و دەمانەوەێ بەردەوام ورەیان بەرز بێ. لەسەر ئەم پرسیارە تەنیا دەمەوێ بڵێم دۆخەكە بەو شێوەیە نامێنێ و بۆ ئەو بابەتەش كارم كردووە.

رووداو:‌‌ پێشبینی تۆ بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی چییە؟ كۆنگرە دەكرێت؟ تۆ بەشدار دەبیت؟

نەجمەددین كەریم: هەر كەسێك كە دەچێتە نێو حیزبێكەوە لەوە دەڕوانێت ئاخۆ ئەو حیزبە ئامانجەكانی میللەتەكەی دەهێنێتەدی، ئەوەی بووەتە یەكێتی بۆ ئەو ئامانجە بووە، دەمێكە هەوڵ بۆ بەستنی كۆنگرە دەدرێت، بەڵام بە بۆچوونی من پێش ئەوەی ئەو هەنگاوە بنێی، لە پێناوی ئەوەی مسداقیەتی هەبێت لەناو خەڵك و بەتایبەتی لە كەركووك، یەكێتی دەبێ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بكات، بزانێت كێ بەرپرسە لەم دۆخە و بەبڕیار و راسپاردەی كێ كراوە، ئیجرائات لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە بوونە هۆكاری لەدەستدانی 50%ی خاكی كوردستان. دووەم دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانیش لێكۆڵینەوە بكەن لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی پێشمەرگە كە سەنگەریان بەجێهێشت، ئەمانە لە بەستنی كۆنگرەش گرنگترن، تاوەكو باوەڕ و متمانەی خەڵك بۆ یەكێتی نەگەڕێتەوە 10 كۆنگرەش بكرێ سوودی نییە. ناشزانم كۆنگرە دەكرێت یان نا. من بەشداری لە كۆنگرە دەكەم، خۆم بۆ سەركردایەتی هەڵنابژێرم، بەڵام بۆ بەشداریكردنم مەرجە سەرەتا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێ كە هۆكاری 16ی ئۆكتۆبەر بوون.

رووداو: ‌‌باڵێكی نێو یەكێتی زۆر پێداگیری لەسەر بەستنی كۆنگرە دەكەن، ئەوان دەتوانن یەكێتی بەرەو كۆنگرە ببەن؟

نەجمەددین كەریم:‌ ئەوانە ئەو كەسانەن كە هەوڵدەدەن بزانن میراتی مام جەلال دەكەوێتە دەستی كێ. مام جەلال هەرگیز نەیویستووە كۆنگرە بەو شێوەیە بكرێت، ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر بدرێت و پاش هەفتەیەك بكرێ‌. ئەمڕۆ نیوەی خاكی كوردستان كەوتووەتە دەستی دوژمن، چۆن دەبێ كۆنگرە بەو شێوەیە بكرێت؟

رووداو:‌‌ لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پەیوەندیت لەگەڵ ماڵی مام جەلال چۆن بووە، قسەت لەگەڵ كردوون؟

نەجمەددین كەریم:‌ دوای نەمانی مام جەلال ئەو پەیوەندییە نەك هەر بۆ من بۆ كەس دروست نابێتەوە. لەو ماڵە جگە لە كاك قوباد تاڵەبانی، كەسی دیكەیانم نەبینیوە و قسەشم لەگەڵ نەكردوون.

رووداو:‌‌ لەگەڵ حیزبەكانی دیكە یەكتربینین و قسەكردن هەیە؟

نەجمەددین كەریم: لەگەڵ كاك مەسعود زوو زوو یەكتر دەبینین و مۆراڵێكی بەرزی هەیە، زۆریش بەپەرۆشە بۆ خەڵكی كەركووك، جگە لەوە لەگەڵ كاك كۆسرەت یەكدیمان بینیوە و قسەم لەگەڵ بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە، رۆژانە لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی و ئەندامانی پەرلەمان یەكدی دەبینین و گفتوگۆ لە نێوانماندا هەیە.

رووداو:‌‌ هیچ لیست و قەوارەیەك بۆ هەڵبژاردن پەیوەندی پێوە نەكردووی، بۆ نموونە قەوارەكەی بەرهەم ساڵح؟

نەجمەددین كەریم: نەخێر من بەرلەوەی قەوارە و لیستەكان ئامادە بكرێ، بۆچوونی خۆم خستبووەڕوو كە باشترین رێگا بۆ پێنەدانی شەرعیەت بە داگیركردنی كەركووك، بەشدارینەكردنە لە هەڵبژاردن.

رووداو: پێتوایە بەرهەم ساڵح موفاجەئەی ئەم هەڵبژاردنە بێت؟

نەجمەددین كەریم:‌ كاك بەرهەم لە دوای 2003 وە بەرپرسیارێتی زۆری بینیوە، چ لە بەغدا و چ لە هەولێر و لەناو یەكێتیش، بێگومان لایەنگری هەیە، بەڵام ئەو و نەوەی نوێ‌ دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان دەبەن.

رووداو‌‌: هیچ زانیارییەكت لەسەر رێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران لەسەر نەوتی كەركووك هەیە؟

نەجمەددین كەریم: هەنگاوی یەكەمی رێككەوتنەكە راكێشانی بۆڕییەكی گواستنەوەی نەوتە لە كەركووكەوە بۆ كرماشان و تا كاتی تەواوبوونی ئەو كارەش رۆژانە هەناردەكردنی 60 هەزار بەرمیل نەوتە بە تانكەر. ئەو رێككەوتنە لە سەردەمی منیش قسەی لەسەر كرا، كۆمپانیایەك بە یاوەریی ئاراسی شێخ جەنگی هاتنە لام و باسیان كرد. من پێم باش بوو جگە لە بۆڕیی جەیهان بۆڕییەكی دیكەش هەبێ، بەڵام ئەوكات پێمگوتن دەبێ ئەم كارە لەڕێی وەزارەتی نەوت و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بكرێت، بەمەرجێك نوێنەری كەركووكیش ئاگادار بێت، ئەوكات من و عەبادی دژی ئەوە بووین بە تانكەر  نەوت هەناردە بكرێت. چ لەبەر ئەوەی رێگاكان تێكدەدا و ناشەفافیش دەبێ، بۆ ماوەیەك ئەو بیرۆكەیە راگیرا، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر واژۆ كرا.

رووداو‌‌: زۆرترین پرسیاری خەڵك ئەوەیە دۆخی كەركووك بە ئاسانی ئاسایی دەبێتەوە؟

نەجمەددین كەریم:‌ بە ئاسانی نابێت، بەڵام ئێمە هیوادارین بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و بە ڕێككەوتن بێت، بەڵام هەر دەبێت بگەڕێینەوە.

رووداو‌‌: باس لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەكرێت لە سنووری كەركووك، هیچ زانیارییەكی وا بە تۆش گەیشتووە؟

نەجمەددین كەریم:‌ ئاگادارم لە سنووری حەویجە هەن، ئێمە دەبێت بپرسین بۆچی ئەو سنوورە كە تازە ئازاد كراوە، داعشی لێ‌ ماوە، لەبەر ئەوەی بەغدا هێندە پەلەی بوو هێز بنێرێتە سەر كەركووك، فریای كێوماڵكردن و ئازادكردنی ئەو ناوچانە نەكەوت. تەنیا بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان بەناو شارۆچكەكەدا تێپەڕین و خۆیان گەیاندە كەركووك. ئامانجی روونیان كەركووك بوو نەك دەركردن و نەهێشتنی داعش. ئەگەر ئێمە گشتپرسیشمان نەكردایە هەر دەهاتنە كەركووك تاوەكو كورد و پێشمەرگەی لێ‌ دەربكەن. ئەو رێككەوتنەشیان لەگەڵ چەند كەسێكی نێو یەكێتی كارئاسانیی بۆ كردن، بۆیە داعشیان پێ پاك نەكرایەوە. بۆیە پێشبینی دەكەم لەناو كەركووكیش چالاكیی چەكداری بكەن و بەرپرسیارێتی ئەمەش لە ئەستۆی سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی دەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com