نوچەنێت-رووداو
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانان لە سنوری شارۆچکەی پردێ بۆردوومانی چەکدارانی داعش دەکەن. بەڕێوەبەری شارۆچکەی پردێ دەڵێت ” هاوڵاتایان چەند جارێک ئاگاداریان کردوونەتەوە، کە بەچاوی خۆیان چەکداری داعشیان لەو شوێنانە بینیووە”.
عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری شارۆچکەی پردێ-ی سەر بە پارێزگای کەرکووک بە (رووداو)ی راگەیاند، چەند رۆژێکە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی، کە بەپێی زانیارییەکان فڕۆکەی هاوپەیمانانن، لە ئاسمانی سنووری شارۆچکەکە دەسوڕێنەوە، دواجار ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشەممە ٢٧-٢-٢٠١٨) بۆردوومانی گوندەکانی نەبیاوە، شانشین و قەزنەفەر-یان دەستپێکردووە کە دەکەونە ناوچەی ساڵەییەوە.
بەرێوەبەری شارۆچکەی پردێ دەڵێت، بۆردوومانەکان بۆ کردنە ئامانجی چەکدارانی داعشن کە لەو گوندانە بوونیان هەیە و دانیشتووانەکەشی چەند جارێک ئاگاداریان کردوونەتەوە کە بەچاوی خۆیان چەکداری داعشیان لەو شوێنانە بینیووە.
بەگوتەی عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بۆردوومانکردنی ئەو ناوچەیە بەردەوامە و دیارنییە کەی کۆتایی بە بۆردوومانەکان دەهێنرێت.