“هێزەکانی کەرکوک، لە رووی ئەمنییەوە كۆڵەوارن”

0

نوچەنێت: روداو

سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نیگەرانە لەو دۆخەی ئێستا دانیشتووانی كەركووك بە گشتی و دانیشتووانە كوردەكەی بە تایبەتی تێكەوتووە. ئەو شڵەژانی ئەمنی و زۆربوونی تاوان دەگێڕێتەوە بۆ نەشارەزایی ئەو هێزە جۆراوجۆرانەی بەغدا هێناونی بۆ شارەكە و دەڵێ: “ئەوانەی ئێستا هاتوون بەشێكیان سەربازین و بەشەكەی دیكەش حەشدی شەعبین. لەرووی پاراستنی ئاسایشەوە كۆڵەوارن و هیچ نازانن.” 

ئازاد جەباری، سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوو روویاندا و مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان كە بوونەتە هەواڵی گەرمی نێو شاری كەركووك، پێیوایە هێزی ئاسایشپارێزی وریا و بە ئەزموون ئەوەیە پێش رووداوەكان ئامادەكاریی خۆی كردبێ “نەك دوای رووداوەكان بڵێ بەدواداچوون دەكەین”، بۆیە نەمانی هێزەكانی ئاسایشی كوردستان لەو شارە بە هۆكاری دروستبوونی كێشەی زۆر دەزانێ و پێیوایە ئاسایش هێزێكی خاوەن 25 ساڵ ئەزموون بوون و دەیانزانی چۆن رووبەڕووی رووداوەكان ببنەوە پێش روودانیان.

ئازاد جەباری، وەك خۆی باسی دەكات، تاوەكو پێش رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر ئەوان پەیوەندی و هەماهەنگی باشیان لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس هەبووە و ئاڵوگۆڕی زانیارییان كردووە و دەڵێ “ئەگەر پلانێك هەبووایە بۆ هێرشی تێكدەرانە یان دەستوەشاندن لە جێگایەك، زانیاریی پێویستمان دەستدەخست و رێگەمان نەدەدا زیان بە كەركووك و خەڵكەكەی بگەیەنن “ئێستا یەك كەس زانیاری بە من نادات و رەنگە گومانیشم لێبكەن”.

كورد هیچ دەسەڵاتێكی لە شاری كەركووك نەماوە. بەشێك لە بەڕێوەبەر و بەرپرسەكانی لە پۆست و بەرپرسیارێتییەكانیان داماڵراون. تەنانەت ئەو حیزبانەش كە رێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە شارەكە، ناتوانن ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای حیزبەكانیانەوە بەرز بكەنەوە. ئەوە دۆخی كەركووكی زۆرینەی كورد و ئەو شارەیە كە رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەشێكی زۆر لە دانیشتووانەكەی بە زەماوەند و ئاهەنگی خۆشی دەربڕینەوە چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بە “بەڵێ” دەنگیان بە گشتپرسی سەربەخۆیی دا. كە دەنگدانەكە بۆ ئەوان واتایەكی دیكەشی هەبوو، چونكە بەمانای گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەهات.

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، گومانیشی لە زۆربوونی رووداوەكانی رفاندن و  تەقەكردن و دزیی و هەڵكوتانە سەر ماڵی خەڵك هەیە و دەڵێ “لەوانەشە خۆیان گرووپ دروستبكەن و كاری ئاژاواگێڕیی بنێنەوە، تەنیا بۆ ئەوەی كورد بترسێ و كۆچ بكات و رێژەی كورد لە كەركووك كەم ببێتەوە”.

حاڵەتەكانی دزینی ئۆتۆمبیلی خەڵك، زۆر دووبارە دەبنەوە. ئەوەش وەك لاوازی هێزە ئارامی پارێزەكانی كەركووك سەیردەكرێ. ئازاد جەباری ئەو زانیارییانە پشتراستدەكاتەوە و دەڵێ ئەمڕۆ كورد لە كەركووك چەكی بەدەستەوە نییە “ئەوان وەك بەعس ناكەن و بەزۆر خەڵك دەرناكەن، بەڵكو لە رێگای ئەو جۆرە كارانەوە خەڵك ناچار دەكەن  بڕۆن و كەركووك جێبهێڵن”.

وەك ئەو باسی دەكات، ئەگەر هەموو كورد پێكەوە یەك لیستیان بۆ هەڵبژاردن هەبووایە، یان پێكەوە بڕیاریان بدایە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، ئەوكات هاوكێشەكان دەگۆڕان، بەڵام كارێك دەكەن كورد دەنگی كەم بهێنێ “ئەوكات دەڵێن ئێوە بە ساختەكاریی بوونەتە زۆرینە و ئێمە كەركووك لە ناوچەی ناكۆكی لەسەر دەسڕینەوە”.

پێشیوایە هەوڵەكانی كورد و سەركردایەتییەكەی بۆ ئەوەی بەغدا بێتە سەرمێزی دانوستاندن و كێشەكان لەو رێگایەوە چارەسەر بكرێن هەڵەیە، چونكە رێگای راست و كاریگەر بەلای ئەوەوە گوشار دروستكردنە لە رێگای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە “ئێستا سیاسەتی نێودەوڵەتی دژی كوردە بە تایبەتی بەریتانیا، ئەو دەوڵەتە دەیەوێ ناوچە كۆنەكان وەك خۆیان بمێننەوە و سەقامگیر بن، بەریتانیا لەم دۆخە دژی كوردە”.

نە كێشە نێوخۆییەكان دەرفەتیان دا لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا فریای ئەوە بكەوێ كە لەدەستنەچووە و نە یەكێتیش توانی پۆستی پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە. كورد لە بەردەم كەركووك و رووداوەكانیدا چەقیوە و هەڵبژاردنیش بۆ زۆربەی هێزە كوردستانییەكان، گورزێكی كوشندەی دیكەیە بەر ناسنامەی شارەكە دەكەوێ.

بەبڕوای سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئەو هێزە عێراقییانەی لەكەركووكن، بێباك و بێدەربەستن لە بەردەم رووداوەكانی نێو شارەكەدا “هێزە ئەمنییەكان سەرقاڵن بە داهاتی بازگەكانەوە و ئەو پارەیەی لەوێ دەستیان دەكەوێ زۆر سەرقاڵی كردوون”. لەبارەی رووداوەكانی تەقەكردنی ئەو دواییەشەوە دەڵێ تەقەكراوە و بەردەوام تەقە دەكرێ “ئەوانەی دێنەوە هێزەكانی ئاسایشن و بۆ پشوو دێنەوە كە دێنەوە تەقەیان لێدەكرێ، ئاسایشی هەر لایەنێك بێت دژایەتیان دەكرێ و دەڵێن ئەوانە زێدەڕۆییان كردووە”.

ئێستا داعش دەستی بە جموجوڵ كردووەتەوە لەو ناوچەیە. زۆرتر وەك هێزی دەستوەشێنێ پارتیزانی لە هێزە عێراقییەكان دەدەن و دەگەڕێنەوە. ئازاد جەباری، دەڵێ داعش دوو شەڕیان بە بەهێزی كردووە و لە كەركووكیش چوونەتە نەخۆشخانەی كۆماریی بۆ ئەوەی بریندارێكیان دەربكەن و نیوكاژێر شەڕیان كردووە “هێزە عێراقییەكان لەرووی سەربازی و ئەمنیش كەم ئەزموونن، هەموو چەك و كەرەستەیەكیان جێهێشتووە و هەڵاتوون”، هەروەها دەڵێ “داعش لەو سنوورە خەڵكی هەیە و خەڵك رێپیشاندەریان بووە لە شەڕەكانیان و هەوڵدەدەن خۆیان بەهێز بكەنەوە، خۆیان ئامادە دەكەنەوە بۆ شەڕ و ئەوكات عێراق ناتوانێ لە ماوەیەكی كەمدا دووجار بەرەی شەڕ بكاتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com