نوچەنێت:تایبەت
چەند سەرچاوەیەکی میدیایی هەرێمی کوردستان، بڵاویان کردەوە، کە بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق تاکو رۆژی ٣١-٥-٢٠١٨ درێژ کراوەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم دەڵێت”تاکو ئێستا بەفەرمی هیچ شتێکی لەو بابەتەمان بەدەستنەگەیشتووە”.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان، بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥-٩-٢٠١٧، حكوومەتی عێراق بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكانی ھەرێمی كوردستانی داخست.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئازاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دەنگۆی درێزکردنەوەی داخستنی فڕۆکە خانەکانی هەرێم رایگەیاند” وەکو وازارەت، تاکو ئێستا بەفەرمی هیچ شتێکی لەو بابەتەمان بەدەستنەگەیشتووە. ئەوەی باس دەکرێت لەمیدیاکانەوەیە، ئەگەر بڕیارێکی لەوشێوەیەش هەبێت، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بەنوسراوی بەفەرمی ئاگادار دەکرێتەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، جەختی لەوەکردەوە کە “تاکو ئێستا بەفەرمی سەقفێکی زەمەنی بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، دیاری نەکراوە. ئاگاداریش نەکراوینەتەوە لەوەی، کە ماوەی داخستنی فڕۆکە خانەکان درێژکرابێتەوە”.