بەرپرسیاری یەکەم لە دروستکردنی کێشەکانی ناو یەکێتی ئاشکرا دەکرێت

0

نوچەنێت: رووداو

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، پێیوایە كورد بەباشی نەیتوانی سیاسەتی دونیا و زلهێزان و وڵاتانی چواردەوری خۆی تێبگات و گشتپرسی كرد، بۆیە تووشی ئەو قەیرانە بوو. هێرشی سەر عەفرینیش بە بەشێك لە گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی بۆ سەر كەركوك دەزانێ و دەڵێت “ئێستا ئەگەر لە جیاتی گفتوگۆ، شەڕ لەگەڵ عێراق بكەین زەرەر دەكەین. رەنگە بتوانین بە ١٠ کاتژمێر كەركووك بگرینەوە، بەڵام ئایا بۆمان دەپارێزرێ؟”. پێشبینیش دەكات لە داهاتووی نزیكدا شەڕێكی گەورە لەم ناوچەیە بقەومێ “ئەوكات ئێمە بە كەمترین زیان دەچینەوە كەركوك”.

  كاك كۆسرەت بەهەق دەزانم نەك هێرۆخان

ئەو گۆڕانكارییەی ئەو پێشبینی دەكات، بەهێزبوونەوەی داعش و كوڵانی ناوچەكەیە لەنێو ئەو مەنجەڵەی ململانێیەكانی ئیسرائیل و ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو، ئاگرەكەی ژێری خۆشدەكەن. هەر بۆیە دەرهاویشتەكانی ئەو رووداوانە ناودەنێ “زەمان و زەمینی گونجاو بۆ گەڕانەوەی كورد بۆ كەركوك”. هەروەها دەڵێ، كورد دەبێت سەرەتا خۆی رێكبخاتەوە و نابێ هەر سەیر بكات، رووداوە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەكە بڕیار دەدات ئێمە كەی دەچینەوە. 

هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی عێراق، كوردی لەبەردەم رەشبینییەكی گەورەدا هێشتووەتەوە. چونكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، تەنیا دەتوانێ بە بێدەسەڵاتی بمێنێتەوە. ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە ئەو ناوچانە بە “ناوچەی داگیركراو” ناو دەبات، دەڵێ “ئێستا خەڵكی كورد هەڕەشەمان لێدەكەن و دەڵێن ناچین بۆ دەنگدان، ئەوە زۆر خراپە، باشە ئەو حیزبەی خۆشت ناوێ دەنگی پێمەدە، بەڵام دەنگ بە حیزبێكی دیكە بدە و بڕۆ بۆ دەنگدان با دەنگی كورد نەفەوتێ”.

 دەسەڵاتی ماڵی هێرۆخان، هێندەی هەموو مەكتەبی سیاسییە

بایكۆتكردنی هەڵبژاردن، كە بووەتە بڕیاری پارتی بۆ كەركوك، بەلای ئەو بەرپرسەی یەكێتییەوە خراپە و پێیوایە نابێ كورد بكەوێتە ئەو هەڵەیەی سوننەكان تێیكەوتن، كاتێك بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد و دواتر لە دەسەڵات دووركەوتنەوە “دەبێ ئەگەر كەمیش بێ، كورد ژمارەیەك نوێنەری لە پەرلەمان هەبێ. عەرەب و توركمانیش پێیانخۆشە ئێمە بایكۆت بكەین”.

كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی، درێژەیان هەیە. لەماوەی رابردوودا ماڵباتی تاڵەبانی چەند هەوڵێكیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو یەكێتی، بەڵام هەوڵەكان بێئاكام مانەوە. ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەداخە بۆ رۆیشتنی بەرهەم ساڵح و دەڵێ، ئێمە زۆر هەوڵمان دا بەرهەم ساڵح لە ریزەكانی یەكێتی بمێنێتەوە “بەڵام كۆمەڵێك لەناو ماڵی مام جەلال زۆر گوشاریان لێكرد بۆ ئەوەی بڕوات. دەیانویست بڕواتە دەرەوە و دوایی بە بچووكی مامەڵەی لەگەڵ بكەن”. 

 خەڵكی كەركووك هەڕەشەمان لێدەكەن و دەڵێن ناچین بۆ دەنگدان

گوتیشی ئێستا چووەتە دەرەوە و لیستی خۆی راگەیاندووە “١٠ كورسی بێنێ یان دوو كورسی، سبەی هەموو حیزبەكانی دیكە مەمنوونن لەگەڵیدا رێكبكەون، بەڵام ئێمە نەمانتوانی دڵی رابگرین بۆ ئەوەی لەناو یەكێتی بمێنێتەوە. بەرهەم ساڵح پیاوێكی دیارە و سەردەمی حكومەتی ئەویش سەردەمێكی زێڕینە”.

ئێستا ئێمە وەك شوانی نانەسكی واین و نانیشمان نادەنێ

مەحموود سەنگاوی، یەكێك لەو سەركردانەی یەكێتییە، كە بەردەوام وەك پشتیوانی بەرهەم ساڵح ناوی دەهێنرێ. ئەو رەتیدەكاتەوە لە یەكێتی چووبێتە دەرەوە و لەهەمانكاتیشدا سۆزی خۆی بۆ بەرهەم ساڵح ناشارێتەوە و دەڵێ، “لە هەندێك سیاسەتی پێشووی خۆم پەشیمانم و بەهەڵەی دەزانم. كاتی خۆی دژی بزووتنەوەی گۆڕان بووم و توندوتیژیمان كرد بەرامبەریان. لەو رۆژەوەی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی چووەتە دەرەوە، باسم نەكردووە و باسی ناكەم. رۆیشتووە خوا حافیزی بێت و دژیشی نابم و خۆشمدەوێ”.

مەحموود سەنگاوی پێیوایە، ململانێكانی نێوخۆی یەكێتی لە دوای بڵاوبوونەوەی نامەكانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵەوە پێیان ناوەتە دۆخێكی مەترسیدارەوە “من لایەنگری كاك كۆسرەت دەكەم، چونكە كاك كۆسرەت بەهەق دەزانم، نەك هێرۆخان. راستە هێرۆخان هاوژینی مام جەلالە و زۆر رێزم بۆی هەیە و وەك دایكم مامەڵەی لەگەڵ دەكەم، بەڵام سیاسەتێكی هەڵەی كرد و لەسەر دەستی ئەو یەكێتی گەیشتە ئەم ئاستە. بەرهەم ساڵحی لێدەرچوو، بزووتنەوەی گۆڕان و كاك نەوشیروان مستەفای لێدەرچوو. هەموویان لە ئەنجامی ئەو هەموو ئەزیەتدان و ناعەدالەتییە رۆیشتن. دواتر كەوتنە گیانی بەرهەم ساڵح و سبەی دەكەونە گیانی یەكێكی دیكە. من هێرۆخان بە بەرپرسی یەكەم دەزانم لەو دۆخە”. 

بەبڕوای ئەو، نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ دەریدەخات، كە كۆسرەت چەند ساڵە لەبەر موراعاتكردنی ماڵی مام جەلال دەسەڵاتەكانی خۆی جێبەجێ نەكردووە “بەڵام نامەكەی هێرۆخان ئەمر بوو بۆ كاك كۆسرەت. روونە كاك كۆسرەت چ كۆنگرەیەكی دەوێ؛ كۆنگرەیەك، كە نە كوڕی خۆی و نە ماڵی مام جەلال دەستی بەسەردا نەگرتبێ”. 

 كۆمەڵێك لەناو ماڵی مام جەلال گوشاریان لە بەرهەم ساڵح كرد بڕوات

هەریەك لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ، یەكدی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە لە رێبازی تاڵەبانی لایانداوە، مەحموود سەنگاوی رێبازە راستەقینەی مام جەلال بە “یەكێتی حیزبی رەنجدەرانی بیر و بازوو” نێو دەبات و پێیوایە نابێ ببێتە حیزبی بنەماڵەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ “ئێستا لەناو یەكێتیدا، ماڵی هێرۆخان بە تەنیا هێندەی هەموو مەكتەبی سیاسی دەسەڵاتیان هەیە. دەسەڵاتی ماددی یەكێتی لای ئەوانە، حكومەتیان كۆنترۆڵ كردووە و هەموو شتێكیان كۆنتڕۆڵ كردووە. ئێستا ئێمە وەك شوانی نانەسكی واین و نانیشمان نادەنێ. من لە جەبهەی خۆمدا ١٨٠ شەهیدم داوە، باشە هێرۆخان، كە دەسەڵاتی ماڵی یەكێتی هەیە نەیدەتوانی بڕێك نان بدات بەو پێشمەرگانە”. 

بۆچی نامە تایبەتییەكان وا بە خێرایی بڵاودەبنەوە؟ ئایا ناكۆكییەكان هێندە ئاڵۆزن و لە گرێژنە دەرچوون؟ مەحموود سەنگاوی دەڵێ، ئەو ئێوارەیەی نامەكەی هێرۆخان بڵاوبووەتەوە ئەو لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ بووە و كۆسرەت رەسوڵ دەستیكردووە بە گیرفانیدا و كاخەرێكی پیشانداوە “كە بینیم نامەكەی هێرۆخان بوو. بێگومان نامەیەكی باش نەبوو. ویستم وێنەی بگرم، بەڵام پەشیمان بوومەوە، چونكە بیرم كردەوە ئەگەر بڵاوببێتەوە، دەڵێن مەحموود سەنگاوی بڵاوی كردووەتەوە. ئەو نامەیە لای هێرۆخانەوە بڵاوبووەتەوە و كاك كۆسرەت نەیهێشتووە یەك كەس كۆپی بكات، بەڵام كە لای هێرۆخانەوە بڵاوكرایەوە، كاك كۆسرەتیش بڕیاریدا وەڵامەكەی بڵاوبكاتەوە”. 

رەنگە بتوانین بە ١٠ كاتژمێر كەركوك بگرینەوە، بەڵام ئایا پێمان دەپارێزرێ

مەحموود سەنگاوی دەڵێت، وەك دایكی خۆی مامەڵە لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكات، بەڵام سیاسەتەكانی بەدروست نازانێ و دەڵێ “ئەو سیاسەتەی ئێستا هەیە، ئەگەر بەردەوام بێ یەكێتی زۆر لاواز دەبێ. ئومێد دەكەم ئێمە واز لەم موهاتەرات و نامە و نامەكارییە بێنین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com