نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت،بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، بەرێژی کەمترلە ٤٠% ی موچەکەیان وەردەگرن.
پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و لە ماوەی دوو رۆژی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە سەر پڕۆژەیاساکە، بۆ خوێندنەوەی دووەم توانراوە چوار لە ماددە کانی، پەسەند بكرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، مەدینە ئەیوب، ئەندام پەرلەمانی پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند”بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینی و موچەو دەرماڵە، هەر پەرلەمانتارێکی کوردستان یان بەرپرسێکی باڵا، بۆ ئەوەی خانە نشین بێت بە ٧٠% موچەو دەرماڵەکانی وەربگرێت. پێویستە خزمەتی فعلی لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت تەمەنیشی ٥٠ ساڵی تێپەڕاندبێت”.
مەدینە ئەیوب گوتی”پڕۆژەیاساکە وەکو هی عێراق نییە. لەیاسای عێراق پەرلەمانتاری و بەرپرسی باڵا بە ٨٠% ی موچەکەیانەوە خانەنشین دەکرێن، کەنزیکەی ٦ ملیۆن دیناردەکات، بەڵام ئەو رێژەی کە حکومەتی عێراق پێیداوە ئێمە ئەو رێژەیەمان پێنەداوە و کەممانکردووەتەوە بۆ لە ٦٠% بۆ ٧٠%، هەر کەسێک ئەو مەرجانەی نەبێت ناتوانێت خانەنشین بکرێت”.
ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات، ئەوانەی لەگەڵ ئەوەبوون کەرێژەکە کەم نەکرێتەوە. زیاتر ئەو ئەندام پەرلەمانانەبوون کە تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ تێپەڕیکردووە و ١٥ ساڵ خزمەتیان هەیە. بەپێی پڕۆژەیاساکە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، بەرێژی کەمتر لە ٤٠% ی موچەکەیان وەردەگرن.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان، دەڵیت” گفتۆگۆ کردن لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی بەردەوامە و، سبەینێ دووشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و لەسەرماددەی ٧ گفتوگۆ دەکرێت، کە بەپێی ئەومادەیە رێگەنادرێت. هیچ کەسێک لەیەک موچە زیاتر لەبودجەی گشتی وەربگرێت“.