نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئێستا چارەنوسی پێشمەرگە دیلەکانی رووبەڕوو بوونەوەی شەڕی داعش نادیارە. بۆیە ئێستا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لەڕێگای دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەدواداچوون بکات.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ژمارەیەک پێشمەرگەیان بەدیل کەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش، بەشێکیان لێ شەهیدکران و بەشێکیشیان بەدیلی مانەوە، لەدوای کۆتایی هاتنی داعش لەعێراق، دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە، کە ئەو پێشمەرگە دیلانە ئێستا لە زیندانەکانی عێراق و لەژێر دەستی هێزە عێراقیەکاندایە.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شیلان جەعفەر ئەندام پەرلەمانی پارتی و سەرۆکی لیژنەی کارو باری پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی سۆراغی پێشمەرگەدیلەکانی شەڕی داعش رایگەیاند”ئەرکی حکومەتی هەرێم و لیژنەی پێشمەرگەیە، لەپەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونبۆ ئەو کەیسانەبکات، کە دێتەبەردەستمان، یەکێک لەو کەیسانەی، کەهاتووەتە بەردەستمان، ئەوەیە کەگوایە پێشمەرگەدیلەکانی شەری رووبەڕوو بوونەوەی داعش، لەزیندانەکانی بەغدان، بەڵام تائێستا چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت”ئێمە بەدواداچوونی خۆمانماکردوە و نەگەیشتوینەتە هیچ ئەنجامێک، بۆیە ئێستا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەدواداچوون بکات لەڕێگای دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەمەبەستی ئازادکردنیان و گەڕانەوەیان بۆناو کەس و کاریان، ئەگەر شتێکی لەو بابەتە هەبێت”.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان هەروەها گوتی”من خۆم بەتایبەتی لە سەرئەوپرسە لەگەڵ کاك شاخەوان، جێگری لیژنەی ناخۆ لەپەرلەمانی عێراق قسەم کردووە. بەووردی تاوتوێی ئەو پرسەمانکردووە، ئەو پێ گوتم کەمن چەندین شوێن گەڕاوم بەدوای ئەو پێشمەرگە دیلانەدا و لەهەر شوێنێک سەرەداوێک هەبووبێت،بە دواداچونم بۆکردووە، بەڵام هەرشتێکی لەوبارەیەوە کەوتراوە راست دەرنەچووە”.
شیلان جەعفەر دوا دەکات کە”هەرکەسێک یان هەر خێزانێک لەو پێشمەرگەدیلانە، ئەگەر زانیاری وردی هەبێت کە لەچ شوێنێکبن یان لەچ زیندانێکی عێراقبن، بابێن زانیاریمان پێ بدەن من خۆم دەچم لەگەڵیان و بەدواداچوونی بۆ تەواوی بۆ دەکەم”.