نوچەنێت:تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ئەو بەشەدەرمانەی بەغدا دەی نێرێت بەپێی پێویست نییە و، نزیکەی لە ٤٥% ی پێویستییەکانی وەزارەت پڕدەکاتەوە.
قەیرانی دارایی و فشارەکانی حکومەتی عێراق لە سەر هەرێمی کوردستان، کاریگەری نەرێنیان کردووەتە سەر کەرتی تەندروستی هەرێم، بەجۆرێک دەتوانرێت لە ٥٠% ی پێداویستی یە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، دابین بکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، دکتۆرخاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ناردنی دەرمان لەلایەن بەغداوە رایگەیاند”تائستا ناردنی دەرمان لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم، بەردەوامە، بەڵام ئەو بەشەدەرمانەی کە بەغدا دەی نێرێت بەپێی پێویستی نییە و، نزیکەی لە ٤٥% ی پێویستییەکانی وەزارەت پڕدەکاتەوە. بەپێی قسەکانی بەغدا،بەردەوام دەبن لەناردنی دەرمان بۆهەرێمی کوردستان”.
سەبارەت بەو پارەیەی کە بۆ کڕینی دەرمان، لەبەردەستیانە دکتۆر خاڵس دەڵێت”وەزارەتی تەندروستی هەرێم، مانگانە ٦ ملیار دیناری لەبەردەستدایە. بەشەكەی تری پێداویستییەكانی دەرمان و پزیشكی دابین دەكات، بەڵام تائێستا بەوەی خۆمان و بەوەی کە بەغدا دەی نێرێت، ناتوانین بەرێژەی ١٠٠ % پێداویستییەکان دابین بکەین. ئەو دەرمانانەی کەزۆر پێویستن بەردەستن”.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ، ئاماژەی بەوەدەکات، کە وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عێراق، پەیوەندییان بەردەوامە و ئەوەی کاریگەری کردوەتە سەر کەرتی تەندروستی هەرێم، داخستنی فڕۆکە خانەکانی هەرێم و نەناردنی موچە و بودجەیە لەلایەن بەغداوە”.