نوچەنێت: روداو
لابردنى سزاکان لەسەر بانکەکانى کوردستان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، هەوڵەکان بۆ کردنەوەى فڕۆکەخانەکان و وردبینى لە لیستى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، ئاماژەى ئەرێنین بۆ باشبوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام پەراوێزخستنی کوردستان لە کۆنفرانسى بونیاتنانەوەی عێراق کە لە کوێت بەڕێوەچوو، بەردەوامی گوشارەکانی عێراق لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت، گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی دڵخۆشکەر نین، سەرەڕای ئەوەش نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی ئایاری ئەمساڵ، دەتوانێت بە پاڵپشتی سیاسی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەردوولا زیاتر لە یەکدى نزیک بکاتەوە، بەتایبەتى لە پرسى وزەدا؟
لە کۆنفرانسەکەى کوێت، جیا لە کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان، چەندین وەبەرهێنەر و کۆمپانیاش بانگهێشتکرابوون، بەڵام بانگهێشتکردنى چەند کەسایەتییەکی سیاسیی هەرێمى کوردستان و چەند کۆمپانیایەکی کەم، نیشانەى پەراوێزخستنى هەرێمى کوردستان بوو بۆ بەشداری لە ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی عێراق. بەغدا بەئاشکرا دژایەتی هەرێمی کوردستانى کرد، چونکە دەبێت لە روانگەی دەستکەوتە ئابوورییەکانەوە خوێندنەوە بۆ ئەم لایەنە بکرێت نەک تەنیا بانگهێشتکردنی چەند کەسایەتییەکی سیاسی.
ئەگەرچى گەندەڵیی زۆر و خراپ ئیدارەدان رێگر بوون لە پێکانى ئامانجى کۆنفرانسەکە کە کۆکردنەوەى 88 ملیار دۆلار بوو (تەنیا 30 ملیار دۆلار کۆکرایەوە)، بەڵام دەکرا هەرێمى کوردستان سوود لەو پارەیە وەربگرێ کە کۆکراوەتەوە، دەبووایە کوردستان پشکى شێرى بەرکەوتبایە، چونکە بەشدارییەکى کاراى لە شەڕى دژى داعشدا هەبوو، چەندین ناوچەى بەتایبەتى لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کاول بوون. جگە لەوەش پارێزگارى لە بەشێکى زۆرى پارێزگاى کەرکووک کرد و نەیهێشت بکەوێتە دەستى داعش، ئەمە جیا لە حەواندنەوەى سەتان هەزار ئاوارەى شەڕ.
گوشارێکى دیکەى عێراق لەسەر هەرێمى کوردستان، هەوڵدانە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەى نەوت کە پێشتر رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان کردووە، لەوانەش رۆسنەفتى رووسى کە خاوەنی 60%ى پشکی بۆڕیی نەوتی کوردستانە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە کۆمپانیای رۆسنەفت کردووە بۆ رەوانەکردنی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەو گرێبەستە نەوتییانەی لەگەڵ هەرێمى کوردستان واژۆی کردوون، بڕیاریشە جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەم مەبەستە سەردانی مۆسکۆ بکات، بەڵام زێدەباری هەموو ئەمانەش دەربڕینی رەزامەندی کۆمپانیای شێڤرۆن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە سێ بلۆکی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامارەکانی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی هەرێم لە کێڵگەی تەقتەق بەڕێژەی 40% لەلایەن کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی لە ئەنجامی هەڵکۆڵینی بیری نەوتی نوێ و پابەندبوونی بەردەوامی کۆمپانیا رووسەکان لە هەرێمی کوردستان، هەواڵى دڵخۆشکەرن و هەرێمى کوردستان دەتوانێت تاڕاددەیەک بەرامبەر پلانەکانى بەغدا بوەستێتەوە.
عێراق، دەزانێت هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی داراییدا گوزەر دەکات، ئەمەش بۆ بەغدا خاڵێکی بەهێزە، بەڵام لە ئایاری ئەمساڵ کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێ، بۆ کورد دەرفەتێکى زێڕینە، چونکە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵ دەدەن دووبارە حەیدەر عەبادی بە سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێتەوە، ئەمەریکا ئاگادارە پێکهێنانی هەر حکومەتێکی نوێ لە عێراق پێویستی بە پاڵپشتی کورد دەبێت، ئەمەش گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەر عێراق زیاتر دەکات بۆ رێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بەڵام بارودۆخی ئێستای سیاسی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەیی و فرە لیستی حیزبەکانی کوردستان، هێزی کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا لاواز دەکات، چونکە چەند هێزە کوردییەکان لەیەکدى نزیک ببنەوە، عێراق زیاتر بەرەو رێککەوتن لەگەڵ هەولێر رادەکێشێ.
رێککەوتنی هەولێر بەغدا، هەڕەشەیە بۆ ئۆپێک؟
عێراق دواى سعودیە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو رێکخراوی ئۆپێکدا. ئەگەرچی هاتنی داعش بۆ ناوچەکە و گەندەڵییەکانی عێراق لە کەرتی وزە، کاریگەری لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە رێککەوتننامەی نێوان وڵاتانی ئۆپێک و دەرەوەی رێکخراوەکەدا بەشدارە و رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ کەمکردنەوەی 210 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام سەرەڕای تەنگژەکانی و هەناردەنەکردنی نەوتی کەرکووک، هێشتا عێراق نەیتوانیوە پابەند بێت بە رێککەوتننامەکە. بەگوێرەی پێگەی بلومبێرگ، ئاستی پابەندبوونی عێراق تا گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان 54% بووە، یەکێک بووە لە خراپترین وڵاتانی نێو رێکخراوەکە لەڕووی پابەندبوون بە رێککەوتننامەکە. لەگەڵ ئەوەشدا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەتوانێت بەخێراییەکی زۆر بڕی بەرهەمهێنانی بەرز بکاتەوە کە پێشبینی دەکرێت بۆ 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرز ببێتەوە. هەر لە سەرەتای رێککەوتنەکەوە دەتوانێت زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووک بەرهەم بهێنێ، ئەمە جیا لەوەی عێراق لە نیوەی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ کۆمپانیای بی پی رێککەوتنی واژۆ کردووە بۆ بەرزکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک بۆ 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش ئاستی پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتننامەی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت کەمتر دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دوو لایەنە لەماوەی رابردوودا چەندینجار گەیشتوونەتە رێککەوتن و نەیانتوانیوە پێوەی پابەند بن، بۆیە تاڕادەیەک ترسی بەرزبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە بازاڕ دەڕەوێنێتەوە، چونکە شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی عێراق کۆسپ نییە، بەڵکو تەنیا ئاڵۆزکەرێکە بۆ بازاڕی وزە.
ئەگەرچی هەڵبژاردنی ئایار دوو لایەنەکە لەیەکتری نزیک دەکاتەوە، بەڵام پابەندنەبوونی بەغدا بە پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها بۆڕی نەوتی کوردستان-جەیهان کە هەر بە پێشەنگی دەمێنێتەوە لەبەرئەوەی عێراق ناتوانێت بەو خێراییە جێگرەوە بۆ بۆڕییەکە دیاری بکات، رێککەوتنی نێوانیان سوود بە هەردوولا دەگەیەنێت، هەروەها هەماهەنگی لە بواری ئەمنی لە کەرکووک کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو شارە رادەکێشێ و ئەوانەش تێچووی عێراق لە هەموو بوارێک کەم دەکەنەوە.