نوچەنێت
سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق هەموو مافە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥-٩-٢٠١٧، حکومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.
ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە دوای کۆبوونەوەی ٢٧ سەرکردەی ئەوروپی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، هیوای خواستووە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
ئیمانوێڵ ماکرۆن لە وەڵامی پرسیاری (کوردستان ٢٤)دا رایگەیاندووە، پێویستە حکومەتی عێراق هەموو مافە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە ”هەرچی زووە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە“.