نوچەنێت
پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سایلۆی هەولێر وردبینی کراوەوە و دراوە بە حکومەتی عێراقی هەڵەی تێدابووە و دووجار چووەتەوە بەغدا و هەر هەڵەکە دووبارە بووەتەوە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە. دەشڵێت “نابێت لەهەرێم چەکی پارەی جووتیاران واژۆ بکرێت.
حکومەتی عێراقی، پارەی جووتیارانی هەولێری راگرتووە هی ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، بەڵام بەشێک لە پارەی جوتیارانی دهۆک و سلێمانی ناردووە. بەڕای شارەزایان حکومەتی عێراقی بە دوو هۆکار پارەکان نانێرێت، یەکەم ئابووری عێراق لە دۆخێکی خراپدایە. دووەم، لە هەوڵدایە کێشەی زیاتر بۆ هەرێم لە رووی ئابووریەوە دروست بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، غەریب مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنهى كشتوكاڵ و ئاژهڵداری و ئاودێری و بەنداوەکان لە پەلەمانی کوردستان، لەبارەی نەناردنی پارەی جووتیارانی هەولێر لە لایەن بەغداوە رایگەیاند: ئەوەی هەولێر چەندجار بەدواداچوونمان کردووە و هۆیەکەی ئەوەیە ئەو وردبینییەی، کە لە سایلۆی هەولێر کراوە و دراوە بە حکومەتی عێراقی هەڵەی تێدابووە و دووجار چووەتەوە بەغدا و هەر هەڵەکە دووبارە بووەتەوە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، بەڵێن وابوو حەوتوی رابردوو چارەسەر بکرێت. هەرکات چارەسەر بکرێت، ئەوانیش کێشەکەیان نەبێ و پاەکە رەوانە دەکرێت.
غەریب مستەفا دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی پێشتر وەک دەنگۆ هاتبوو پەیوەندی بە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، بیانووی حکومەتی عێراقی ئەوەیە، کە گوایە گەنم لەو دوو ساڵەدا گەنم بە قاچاخ هاتووەتە ناو هەرێم رادەستی سایلۆکان کراوە، بۆ ئەم بابەتە جووتیارەکان خۆیان لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی سیستانیان کرد، سکاڵایان پێگەیاندووە و ئەویش بەڵێنی پێداون، کە نەهێڵێ ئەوە بەسەر حکومەتی عێراقی تێپەڕێت.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لە هەوڵەکانیان کرد و گوتی، لەگەڵ کونسوڵی ئەمریکا دانیشتین و سکاڵاکەمان پێ گەیاندن و تێمانگەیاندن، کە ستەمێکی حکومەتی عێراقی دەیکات. لە اتی وەرگرتنی گەنمدا لیژنەکان چاودێری سایلۆکانی کردووە و ئەوانەشی پشکنینیان بۆ گەنمەکان کردووە، هەموویان فەرمانبەری حکومەتی عێراق و تەنانەت عەربیش بوون. پێنجشەممەی رابردووش لەگەڵ یۆئێن لەسەر ئەو بابەتە کۆبوونەوەمان کرد.
چێگری سەرۆکی لیژنەی کشتووکاڵ ئەوەشی خستەڕوو، کە بە نوسراوی فەرمی داوامان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کرد، کە ئەگەر حکومەتی عێراق چەکی بانکی نارد، چەکەکان لە کوردستان واژۆ نەکرێت، چونکە واژۆکردن بە واتای وەرگرتن دێت و پێ رازیی بوونە و دواتریش مافی سکاڵاکردنیشمان نابێ لە دادگای فیدراڵیدا.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات، کە خۆیان ئامادە کردووە، کە ئەگەر بەو شێوەیە چەک رەوانەی کوردستان کرا، بە زووترین کات پارێزەری یاسایی بگیریێت بۆ جووتیارەکان و سکاڵا لای دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار بکەین.