نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئهوكاتهی نوسراوەکەی بهغدایان بە دەست گەیشتووه، زانیویانه ساختەیە و دهستبهجێ بەغدایان لێ ئاگادار کردوهتەوە. دەشڵێت “ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە بێ. لەگەڵ بەغدا ریککەوتووین”.
وێڕای هەوڵە دەرەکی و ناوخۆییەکان لەسەر بەغدا، بۆ کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی نەبووە، عەبادییش لە دوا لێدوانیدا گوتی “هەتاوەکو هەرێم رازی نەبێ، دەستەڵاتی تەواوی فیدراڵی بەسەرفڕۆکەخانەکاندا جێبەجێ بکەین، گەر تا ١٠ ساڵی تریش بێت، فڕۆکەخانەکان ناکەینەوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئۆمید محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رێککەوتن بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم رایگەیاند،ئەوەی پەیوەندی بە فڕۆکەخانەوە هەیە ئێمە ئاگادارین . فڕۆکەخانە چەندین بەشە و لایەنی پەیوەندیداری خۆی هەیە، وەک پاسپۆرت و ئەمنییەت سەربە وەزارەتی ناوخۆیە، گومرگ سەربە وەزارەتی داراییە و گەراجەکان پەیوەندی بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە هەیە.
ئۆمید محەمەد دەڵێت، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، لەمێژە لە گەڵ بەغدا گەیشتووینەتە رێککەوتن، رێککەوتنەکەشمان لەسەر ئەمنییەتی فڕؤکە، هێڵی ئاسمانی، بەشداری لە کۆڕ و سمینارات و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی و مانگانە، لە گەڵ بەغدایە.
ئومێد محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان ئاگاداری ئەو رێککەوتنانە نین، کە پەیوەندییان بە وەزارەتەکەیانەوە نییە،
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە دوا لێدوانیشیدا ئاماژەی بە ساختەکردنی ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیران کرد، سەبارەت بە کردنەوەی هەردوو فڕگەکەی هەرێم و گوتی “ئێمە تەنیا بڕیارمان داوە بە رووی عەمرەکاندا بکرێتەوە، هاوکات حاڵەتێکی فەرمی پێویست”. ئومێد محەمەد گوتی “کاتێک نوسراوەکەمان بۆ هات، زانیمان ساختەیە، پرسیاری بەغدامان کرد و گوتیان ئەو نوسراوە، بەو شێوە نییە، ناشزانین کێ ساختەی کردووە و چ مەبەستێکی لە پشتەوەیە”.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئێمە پێویستان بەوە نییە ساختەکاری بکەین، پێمانوایە لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ساختەکاری کرابێ و خەڵکانێک هەستابێتن بە کارێکی لەو شێوەیە. نازانم عەبادی، مەبەستی چ کەس و لایەنێکە لەو ساختەکارییەدا.