نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەغدا لە پارەی ٢٠١٦ گەنمی جووتیارانی هەرێم تەنیا ١٦٠ ملیار دەنێرن بۆ هەرێم و ١٧٣ ملیار لە پارەکە کەم کراوەتەوە. دەشڵێت “ئەمە زوڵمێکی گەوەرەیە و بە دڵنیایەوە ئەو مافی جووتیاران وەردەگرینەوە”.
جووتیارانی هەرێمی کوردستان، چەند ساڵێکە بەهۆی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و بەجۆرێک پارەی گەنمەکانیان بە ناڕێکی پێدەدەن. شارەزایانی سیاسی پێیانوایە، کە ئەمە کێشە بۆ دروستکردنە بۆ ئەوەی ئابووری هەرێم لەوە زیاتر گەشە نەکات و پاشەکشەی پێ بکەن لە هەموو روویەکەوە، کە یەک لەوانە کەرتی کشتوکاڵە.
لە لێداونێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارتی پیشەسازی هەرێم، لەبارەی کەمکردنەوەی نرخی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە رایگەیاند “گەنمی جوتیاران لە کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠١٦ هەر تەن بە ٥٤٠ هەزار دینار وەرگیراوە، بەڵام بەغدا دەڵێ تەنها ٣٤٨ هەزار و پێنجسەد دینار حساب دەکەین و ئەوەی ماوەتەوە نایدەین، واتە قەرزی جووتیاران ٣٨٤ ملیار دینار بوو، کە ٣٤٣ ملیاری هی بەغدا بوو، ئێستا تەنیا ١٦٠ ملیارد دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش زوڵمێکی گەورەیە ١٨٣ ملیار لە پارەی جووتیاران کەم کراوەتەوە.
عەبدولڕەزاق عوسمان دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و دەتوانین لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکەین، چونکە پارەی جووتیاران قەرزە لەسەر حکومەتی ناوەندی و ، ناتوانن یەک دیناریشی لێ کەم بکەنەوە، چونکە لەو ساڵەدا (٢٠١٦) بەو نرخە لە میزانییە بۆیان پەسەند و دیاریکراوە بووە. گوتیشی “تەنانەت سەبارەت بە بازاڕیش جۆرە هەڵاوسانێک هەبووە، بە -بەراورد بە ئەمساڵ، کە دەیانەوەی بەو نرخە حسابی بکەن”.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پیشەسازی هەریم، ئاماژەوە بەوە دەکات، کە لە بەغدا دەیانەوێ ئابووری هەرێم تێک بدەن و ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئەمە قبووڵ ناکەین. دەبێ مافی جووتیاران وەربگیردرێت و ئەگەر نەدرا لە رێگەی یاسایی و دادگاکانەوە، کاری لەسەر بکەین و دڵنیام دەتوانین تەواوی مافی جووتیاران وەربگرین.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئەوەشی خستەڕوو، کە بەڕێوەبەری گشتی دانەوێڵەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەستاوە بە کەمکردنەوەی پارەی جووتیارانی هەرێم. دوێنێ (چوارشەممە ٢١-٢-٢٠١٨) ئێمە ئاگادار کراوینەتەوە.
عەبدولرەزاق عوسمان باس لەوە دەکات، کە ماوەیەک پێش ئێستا بڕی ٧٠ ملیار لە پارەی جووتیاران لە بەغداوە بۆ سێ پارێزگای هەرێم تەرخانکرا و نێردرا، کە ٣٠ ملیاری بۆ هەولێر بووە و ٤٠ ملیاری بۆ سلێمانی و دهۆک، بەڵام هێشتا پشکی هەولێر نەنێردراوە.