نوچەنێت:تایبەت
شەوی رابردوو حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێکنزیک بوونەتەوە و لەئایندەیەکی نزیکدا فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمیش دەڵێت”وەکو فڕۆکەخانەکان، لەسەر هەموخاڵەکان رێککەوتووین. تەنها ماوە کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دیاری بکرێت”.
رۆژی ٢٩-٩-٢٠١٧، باشوری کوردستان، گشتپرسی بۆ سەربەخۆی ئەنجامدا، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق وەکو کاردانەوەیەک بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆكەخانە هەولێر و سلێمانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئومێد محەمەد ساڵح گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم، لەبارەی کردنەوەی فڕۆکە خانەکانی هەرێم رایگەیاند”ئێمە گەشبینین لە بارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم، چونکە وەکو فڕۆکەخانەکان لەسەر هەموخاڵەکان رێککەوتووین. تەنها ئەوە ماوە کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان دیاری بکرێت”.
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گەیاندنی عیراق رایگەیاند، نرخی ئینتەرنێت بە رێژەی ٥٠% کەم دەکاتەوە، لەبارەی ئەو بڕیارەش گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم، دەڵێت”بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت مۆڵەتیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتووە نەک بەغدا”.