نوچەنێت: روداو
وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتی لەوە دەکەن گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور درێژەیان هەبێت، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن.
مەنسور عوتەیبی، سەرۆکی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هانی ئەوە دەدەن کە گفتوگۆ لەنێوان کوردستان و بەغدا بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کێشەکانیان بەگوێرەی دەستووری عێراق چارەسەر بکەن”.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو-دا بوو، بەڵام لە راگەیێندراوی فەرمی ئەنجوومەنەکە دەربارەی دۆخی عێراق باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەکراوە. نەک تەنیا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق بەڵکو نوێنەرانی هەموو وڵاتانی ئەو ئەنجوونە وا تێگەیێندراون کە بەغدا و هەولێر لە قۆناخی کۆتایی چارەسەری کێشەکانیاندان، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا بەغدا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە.
یان کۆبیش، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق دەڵێت، دانوستاندنەکانی بەغدا و هەولێر لەسەر چەند پرسێک لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە. دەشڵێت، گرنگە و پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و فڕۆکەخانەکانیش بۆ گەشتی نێودەوڵەتی بکرێنەوە.
لە دانیشتنەکەدا باڵیۆزی عێراق رەخنەی لە هەنگاوێکی یۆنامی گرت. محەممەد حوسێن بەحر ئەل-علوم، باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا گوتی “عێراق پشتگیری لە پێشنیازەکانی ئەو لیژنەیە ناکات دەربارە رۆڵی یۆنامی بەتایبەتی دەربارەی راوەستاندنی شەڕ، پەرەپێدانی دۆخی ئافرەتان، دەربارەی کەمایەتییەکان و پەیوەندییەکان لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوە دەستتێوەردانە لە کاری حکومەتی عێراق و دەسەڵاتە دەستوورییەکان و کاروباری ناوخۆی عێراق”.
ئەو لیژنەیەی باڵیۆزی عێراق رەخنەی لێدەگرێت لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە، پێشنیازی ئەوە دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان لە بابەتەکانی مافی مرۆڤ، رێگەگرتن لە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر رۆڵێکی بەرچاوتر بگێڕێت.