هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی هاوپەیمانی تەڤگەر و نەوەی نوێ

0

نوچەنێت: تایبەت

تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکە و لیستی نەوەی نوێ، هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان و عێراق راگەیاند و سەرتیپ جەوهەر، میدیاکاری یەکێتی لە وتارێکیدا، کە لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و (کوردستانی نوێ)ی زمانحاڵی فەرمی یەکێتی، لەژێر ناوی (چاكەی یەكێتی و -وەڵامی ئەوان)بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، کە یەکێتی هاوکاری ماددی و لۆجستیی پەکەکە و پەیەدە دەکات و ئەوانیش لەگەڵ گروپی نەیاردا دژایەتی یەكێتی دەکەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، خەڵەف ئەحمەد، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی هاوپەیمانی نوێ و تەڤگەری ئازادی و لیستی نەوەی نوێ رایگەیاند” ئاساییە لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە هاوپەیمانی نوێ دروستببێت و هەر هاوپەیمانیەتییەک، کە دروست دەبێ بۆ لێدانە لە لیستی بەرامبەری”. 

خەلەف ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات، کە قەوارەیەک ناچێ کار بۆ قەوارەیەکی دیکە بکات، لەبەر ئەوە ئێمە وەک یەکێتی بە سروشتی دەبینین، کە هاوپەیمانی دروست دەبێ یان نا، ئەوە پەیوەندی بەو خەڵکانەوە هەیە کار لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانیەتییەکە دەکەن. 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، کە قەوارەی تایبەت و سەربەخۆی خۆیان هەیە و دەڵێ، ژمارەمان لە عێراق پێدراوە وەک یەکێتی کار دەکەین، لە رابردووش نە تەڤگەر و نە هیچ هاوپەیمانیەتییەک لە گەڵ کەسی دیکە نەبووە، لە هەڵبژاردنەکان و هیچ قەوارەیەک لە ئێمە جیا نەبووەتەوە. راستە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەئێمە جیابووەتەوە، بەڵام لە گەڵ تاڤگەر هیچ هاوپەیمانیەتییەکمان نەبووە تا کاریگەری بەسەر دەنگدەری یەکێتییەوە هەبێ”. 

هاوکات، کادیری یەکێتی، سامان سنجاوی، لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی چاودێری نزیک لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەژێر ناوی (پەكەكە و نەوەی نوێ كوجا مەرحەبا) بڵاوی کردووەتەوە، دوای پێشەکییەکی زۆری هاوکاریی یەکێتی بۆ پەکەکە، ئاماژەی بەوە داوە، یەكێتی لە نەخۆشكەوتنی مام و دوای كۆچی مام جەلال، كێشەكانی قوڵ بوونەتەوە، گۆڕانی لێ جیا بووەتەوە، ئێستاش بەرهەم ساڵح، لەناوەوە خوا دەیزانێ چی دەگوزەرێ، یەكێتی پێوستی بە دۆستەكانیەتی لە پارچەكانی تری كوردستان، پشتیوانیی چارەسەركردنی كێشەكان و هەستانەوەی یەكێتی بن، نەك تیغ بخەنە سەر برینەكان و بەسوێی بهێنن. 

سامان سنجاوی نوسیویەتی”پەكەكە، لەبری دۆستایەتی، نوكە رمێكی لە یەكێتی هەڵگرتووە، دەیەوێت لە هەڵبژاردنەكاندا بیخاتە سەر برینەكانی یەكێتی، چونكە ئەو رمەی پەكەكە هیچ كۆیان ناكاتەوە لەگەڵ بازرگانێكی لەپڕدا هەڵتۆقیو ، خۆی لێ بووەتە حەزرەتی سلێمان، پەكەكەی چەپ و تەڤگەرەكەی لە باشور، لەگەڵ سەرمایەدارێك، چی لە بیروباوەڕ، چی لە سیاسەت كۆیان دەكاتەوە؟! ئەوەی تەنیا كۆیان دەكاتەوە، تاك و تەنیا بەرژەوەندیی حزبییە، چونكە پەكەكە هەموو بەرژەوەندییە حزبییەكان لە سیاسەتی خۆی دەبینێت، پێیوایە ئەوەی پەكەكە بیكات تەنیا ئەوە سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەییە”! هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، کە پەكەكە، بەهەڵەدا دەچێت كە پێیوابێت، رۆژهەڵات و باشوری كوردستان، وەك باكور و رۆژئاوای كوردستانن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com