تایبه‌ت:نوچه‌نێت
به‌رپرسی ژوری په‌رله‌مان و حكومه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر سروه عه‌بدولواحید، ده‌گرێته به‌ر.
له چه‌ند ڕۆژی رابردوو، سروه عه‌بدولواحید سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق، خۆ كاندیدكردنی له لیسته‌كه‌ی عه‌بادی بۆ په‌رله‌مانی عێراق له بازنه‌ی به‌غدا، راگه‌یاند به‌ڵام تائێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به فه‌رمی هیچ هه‌ڵویستێكی له‌سه‌ر چونی ئه‌ندامه‌كه‌ی بۆ ئەو لیستە عەرەبییە رانه‌گه‌یاندووه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، دانا عه‌بدولكه‌ریم به‌رپرسی ژوری په‌رله‌مان و حكومه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌باره‌ت به كاندیدبونی سه‌ركرده‌كه‌ی گۆڕان له لیسته‌كه‌ی عه‌بادی رایگه‌یاند، به‌پێی ده‌ستوری ناوخۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، نابێت هیچ ئه‌ندام سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕان جیا له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له لیستی دیكه و حیزبی دیكه ئه‌ندام بێت. به‌ڵام سروه‌خان، ئازاده چوته لیستێكی دیكه و باوه‌ڕی به- به‌رنامه‌ی گۆڕان نه‌ماوه، چونكه ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی به گۆڕان هەبوایه نه‌ده‌چوه لیستی دیكه‌وه.
دانا عه‌بدولكه‌ریم هەروەها دەڵێت”سروه عه‌بدولواحید، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی له لیسته‌كه‌ی عه‌بادی كاندیدكردوه. ئه‌وه‌ی كه گوتراوه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاگاداره ته‌نها راوێژپێكردن بوه و گۆڕان به‌وه رازی نه‌بووە”.
به‌رپرسی ژوری په‌رله‌مان و حكومه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكراشی ده‌كات کە”چاوه‌ڕوان ده‌كرێ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر سروه عه‌بدولواحید بگرێته به‌ر”.