نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێگەی کورد لە عێراق لاوازبووە. دەبێ کورد لەڕێگەی هەڵبژاردن پێگەی خۆی، بەهێز بکاتەوە.
وێڕای هەبوونی دەسەڵاتی عەسکەری، لە ناوچە جێناکۆکەکان و ئاوارەبوونی کورد، لیستەکانیش بە پەرتەوازەیی دەچنە هەڵبژاردنەوە. ئەمەش کاریگەری زیاتری لەسەر لاوازبوونی پێگەی کورد هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، خەڵەف ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بەشداری کورد لەهەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند”پێگەی کورد لە عێراق لاوازبوە، دەبێ لەڕێگەی هەڵبژاردن پێگەی خۆی، بەهێز بکاتەوە. بۆیە دەىێت لەڕووی دەنگدانەوە بەشدارییەکی کارای هەبێت، بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی بەدەست بهێنین و زۆرترین پۆست لەدەست کوردا بێت، بۆ بەڕیوەبردن “.
خەڵەف ئەحمەد، دەڵێت”ئەگەر کورد یەکدەنگ بێت دەتوانین پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەینەوە و، ئەو دامەزراوە فەرمیانەی کەلە عێراق هەن و دامەزراوەی گرنگن، ئەتوانین سودیان بۆ خەڵکی کوردستان لێ بینین ، چونکە ئێمە تاوەکو لەچوار چێوەی عێراق بین، دەبێت سود لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق وەرگرین”.