نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسای چاکسازی قۆناغێکی باشی بڕیوە و کارەکانی لەکۆتایی دایە.
پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا. لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و دراوەتە لیژنە تایبەتمەندەکان.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، خەڵەف ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند”پڕۆژەیاسایی چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە، قۆناغی باشی بڕیووە. دەتوانین بڵێین لەقۆناغی کۆتایی دایە، هەندێک کێشەی لەسەر ماوە، ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت رۆژی چوار شەممە ٢١-٢-٢٠١٨ دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە”.
خەڵەف ئەحمەد رایگەیاند”پڕۆژە یاساکە، راپۆرتێکی هاوبەشی لیژنە تایبەتمەندەکانی لەسەر ئامادەکراوە و دوای تەواو بوونی راپۆرتەکە، پڕۆژە یاساکە دەچێتە کۆبوونەوە فراوانەکەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی دەنگدانی لە سەربکرێت”.