مەسرور بارزانی: با هێزەکانی عێراق ئارامی بەغدا بپارێزن، تا کە ئێستا لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزیش سەرکەوتوو نەبوون

0

مەسرور بارزانی: با هێزەکانی عێراق ئارامی بەغدا بپارێزن، کە تا ئێستا لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزیش سەرکەوتوو نەبوون

نوچەنێت

مەسرور بارزانی ، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ مارتن کۆپلەر نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سۆکۆل کۆندی بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە هەرێم رایگەیاند. پێکهێنانی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە لادانە لەدەستوور، ئەگەر ئەو هێزە مەبەستی سەقامگیری باری ئاسایشە، با ئارامی بەغدا بپارێزن کە تا ئێستا لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوزیش سەرکەوتوونەبوون.

بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی پارتی، هەر لەو کۆبونەوەیەدا کە لەنێوان مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، بەرێوەچووە، مارتن کۆپلەر ئاماژەی بەوەدا، وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدەن رەوشی سیاسیی عێراق کرانەوە بەخۆوە ببینێت و بە تایبەت خووازیارن کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەری بچن. قسەشیان لەمەر  پرسی کەرکوک کردەو و هیوایان خواستووە لە هەلبژاردنەکانی داهاتووی پارێزگاکانی عێراق، لە کەرکوکیشدا هەلبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت.

لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی، تەئکیدی لەوە کردووەتەوە کە “گشت کێشەکانی ناو عێراق بە گفتوگۆ و رێگەچارەی ئاشتیانە چارەسەر دەکرێن و دەستووریش تاکە بنەمایە بۆ هەر چارەسەریەک، بەڵام بەداخەوە، بەکردەوە دەبینین کە کەسانێک لە بەغدا بە ئاراستەی پێچەوانە هەنگاو دەنێن و لە هەوڵی خۆپڕچەککردندان و هێز بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان رەوانە دەکەن. بۆ نموونە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و بەبێ ئاگاداریی پێکهاتەی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنراو و ئەمەش لادانێکی ڕوونە لە دەستوور”.

بارزانی گومان دەخاتە سەر هێنانی ئەو هێزانەو دەشڵێت”گەر نیاز لەم جووڵە سەربازییانە بۆ دەورووبەری کەرکووک سەقامگیرکردنی باری ئاسایش بێت، ئەوە باشترە ئەم هێزانە بەرەو بەغدا پاشەکشەیان پێ بکەن و با ئارامیی پایتەخت بپارێزن، چوونکە تا ئێستا لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزیش سەرکەوتوو نەبوون”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە. کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی خۆجێیی ناوچە دابرێندراوەکان بتوانن رەوشی ئاسایشی ئەم دەڤەرانە باشتر بکەن و پێویست ناکات هێچ هێزێکی زیادە بۆ ئەم ناوچانە جووڵەیان پێ بکرێت.

لەبارەی پاشەرۆژی کەرکوکیشەوە بارزانی رایاگەیاند”دەستوور رێگەچارەی پێویستی بۆ ئەم پرسە داناوە، بەڵام خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی هەیە و وا حەوت ساڵ تێپەڕین وهەنگاوی کرداریی پێویست بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 نەبینران” ئەوەشی راگەیاند کە “لە دوای قۆناغی ئاساییکردنەوەی پارێزگای کەرکوک تەنیا خودی دانیشتوانی کەرکوک دەبێت چارەنووسی پارێزگاکەیان دیار بکەن”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com