نوچه‌نێت: تایبەت
په‌رله‌مانتارێكی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایده‌كات، به‌پێی پڕۆژه‌یاسایه‌كی نوێ، ژنه ڕزگاربووه‌كانی ده‌ستی داعش، وه‌ك زیندانی سیاسی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كریت.
كۆمه‌ڵێك له رێکراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تانی هه‌رێم، پڕۆژه یاسایه‌كیان ئاماده‌كردووه و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كراوه بۆئه‌وه‌ی، سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بینێریت بۆ په‌رله‌مان، هه‌تا له رێگه‌وه ئه‌و ژنه رزگاربووانه‌ی ده‌ستی داعش، وه‌ك زیندانی سیاسی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل بكرێت.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، زانا رۆستای په‌رله‌مانتاری كۆمه‌لی ئیسلامی له په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: کۆمەڵێک رێكخراوی ژنان و ئافره‌تان له رێگه‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسایه‌كی نوێوه، ئه‌یانه‌وێ ئه‌و ژنه ڕزگاربوانه‌ی ده‌ستی داعش وه‌ك زیندانی سیاسی مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی بكرێنه‌وه.
زانا ڕۆستایی دەڵێت، به‌پێێ به‌دواداچوونه‌كانمان ئه‌و پڕۆژه یاسایه له ئێستادا ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه بۆ ئەوه‌ی له‌وێوه ئاراسته‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا پڕۆژه‌یاساكه نه‌گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورد ئاشكراشی ده‌كات، هیچ كاتێكی دیاریكراو نییه هه‌تا پڕۆژه‌یاساكه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان كه‌می ماوه، له‌وانه‌یه په‌سندكردن یان گفتوگۆكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یاسا نوێیه بكه‌وێته خوڵی داهاتووی په‌رله‌مان.