ئێران لە نێوان بەرداشی ئەمریکا و ئەوروپا

0

نوچه‌نێت

ئەمریکا مەرج و دەرفەتێکی دیکەی خستۆتە بەردەم وڵاتانی لایەن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، تاکو دەقی رێککەوتنەکە هەموار بکرێتەوە و بە پێچەوانەوە، ئەمریکا لێی دەکشێتەوە، هەروەک دۆناڵد ترەمپی سه‌رۆکی ئەمریکا، بە خراپترین رێککەوتنی مێژوویی ئەمریکا وەسفی کردووە.

ئەمریکا و ئەوروپا ئەم ڕۆژانە بە نیسبەت ئێرانەوە، لە سەر دوو خاڵ هاوڕا و هاوهەڵوێستن، یەکەم: بەرنامەی موشەکی ئێران. دووەم: سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی و دەستوەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوەندەی پەیوەندی بەو دوو خاڵەی سەرەوە هەبێت، سەرجەم لایەنە ئەوروپییەکان بەدەر لەوەی، کە رێککەوتنی ئەتۆمی بە گونجاو و کارامە وەسف دەکەن، بەڵام بۆ کۆنتڕۆڵ و چاودێری کردنی بەرنامەی موشەکی ئێران لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا هاودیدن.

تێرێزا مەی، لە دوایین هەڵوێستیدا، وێڕای ئەنجێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەویش نیگەرانییەکانی ئەمریکایە لە بەرنامەی موشەکی ئێران.

بۆریس جانسۆن، سەرۆکی دەزگای دیبلۆماسی بەریتانیاش دید و روانگەیەکی هاوبەشی هەیە. دەستپێشخەری ئەم گەلەکۆمەیە لە ئێران ئەوەی، کە تاران ڕاکێشی سەر مێزی دانوستاندن بکەن، فەرەنسا و سەرۆکە گەنجەکەی بووە.

ئیمانوێل ماکرۆن، کە بەردوام بووە لە هێرش و ڕەخنەکانی بۆ سەر بەرنامەی موشەکی ئێران، ڕۆژانی ڕابردوو هۆشداری دایە سوریا، وەک هاوپەیمانی سەرەکی و ستراتیژیی ئێران لە ناوچەکە و وەبیری ئەسەدی هێناوەیە، کە پێشتر هێڵی سووری بۆ دیاری کردووە و ئەگەر دیمەشق چەکی کیمیایی بەکاربهێنێ، سوریا دەبێ چاوەڕێی دژکردەوەی توند و هێرشی سەربازی فەرەنسا بکات. ئێران لەم رووەشەوە تەنگەتاوە.

زیگمار گابریەل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش، سەرباری ئەوەی، کە پێداگری لە سەر هێشتنەوە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات، هاودەنگی لەگەڵ ئەمریکا و شەریکە ئەوروپییەکانی، کە دەبێ بەرەنگاری بەرنامەی موشەکی ئێران ببنەوە.

لە واقیعدا، بەریتانیا و فەرەنساش هەڵوێست و سیاسەتی هاوشێوەی واشنتۆنیان هەیە، ئەوان هیچ باسێک لە کشانەوەیەیان لە رێککەوتنی ئەتۆمی ناکەن، بەڵام پێداگرن لە سەر گوشاری زیاتر بۆ سەر تاران و سنووردارکردنی بەرنامەی موشەکی و سیاسەتی ناوچەیی ئێران.

ئێران، بەڵام روانگەیەکی جیاوازی هەیە. تاران جەخت دەکاتەوە، کە باسکردن لە هەموارکردنەوەی رێککەوتنەی ئەتۆمی بڤەیە و ئەمریکا بە پەیمان شکێنێ تۆمەتبار دەکات. ئەرگیۆمێنتی تاران، راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە دەڵێت ئێران لە رێڕەوی رێککەوتنەکە لای نەداوە. بەم پێیە، تاران لە لایەک و ئەمریکا و ئەوروپا لە لایەکی دیکەی هێڵی سوور بۆ یەکتر دیاری دەکەن.

تریبۆنەکانی وەزارەتی دەرەوە، نوێژی هەینی و سوپای پاسداران جەخت دەکەنەوە، کە دانوستان لە سەر بەرنامەی موشەکی ئێران هێڵی سوورە و ئەم بابەتە گرێدراوە بە بەرگری نیشتمانی و هەر بەم هۆیەش جێی گفتوگۆ و سازش نییە.

بەرنامەی موشەکی ئێران لە نێوان دوو بەرداش

هەر چۆنێک بێت، باری ئابووری و دارایی ئێران بەرەوڕووی ئەزمە بۆتەوە، ئەمەش داهاتووی سیاسیی حەسەن رووحانی پرسیاری لە سەرە. پێدەچێ سەردانەکەی رووحانی بۆ هیند و هەوڵی نزیکبوونەوەی لە جەمسەرێکی ئاسیا، بەو مەبەستە بێت، کە رووحانی باڵانسی لاسەنگکراوی ئابووری ئێران هاوسەنگ بکاتەوە.

روانگەی رابەری ئێران لەگەڵ کابینەکەی رووحانی لێک دوورن. سەرباری هەموو هەوڵەکانی رووحانی، سوپای قودس لە بەرزاییەکانی جۆلان مانۆڕ بەڕێوەدەبات و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ڕەوانەی ئاسمانی ئیسرائیل دەکات.

دۆسیەی پشتیوانی ئێران لە حزبوڵڵای لوبنان و رادەستکردنی موشەک بە حوسییەکانی یەمەن، بابەت و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆشکی سپییە.

سێ وڵاتی بەریتانیا، ئەمریکا و فەرەنسا، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، سەبارەت بە بەرنامەی موشەکی ئێران کۆببێتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەم سێ وڵاتە رەشنووسی بڕیارێکیان لە دژی بەرنامە موشەکیەکانی ئێران و رادەستکردنی موشەک بە حوسییەکانی یەمەن لە لایەن ئێرانەوە، ئامادە کردووە.

بە پێی رەشنووسی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی دەبێ لەبارەی رادەستکردنی موشەکی بالستی بە حوسییەکانی یەمەن لە لایەن ئێرانەوە، هەڵوێست وەربگرێت.

لە دەقی رەشنووسەکە جەخت کراوەتەوە، کە ئەنجوومەنی ئاسایش دەبێ لە دژی ئەم کردەوانەی ئێران بوەستێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە سزای ئێران بدات، کە بڕیارە نێودەوڵەتیەکانی پێشێل کردووە.

پێگەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی فێبریوەری ئاشكرای کرد، کە ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەوروپی، لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ عەباس قێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، دیدار و گفتوگۆیان کردووە.

بە گوێرەی پێگەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، ئامانجی ئەم دیدارە، سنووردارکردنی توانای سەربازی و موشەکی و سیاسەتی دەستوەردانی تاران لە ناوچەکە.

راپۆرتەکە لەم بارەوە دەڵێت، هەوڵی ئەوروپییەکان، بەربەستکردنی دەستوەردانی ئێرانە لە یەمەن، سوریا و تێکڕای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامانجی گەورەتری ئەم هەواڵانە، بڕواهێنانی بە سەرۆکی ئەمریکایە، تاکو رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵنەوەشێنێتەوە.

شرۆڤەکارێکی ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، پێداگری ئەوروپییەکان بۆ هێشتنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بڕوا و قەناعەتی بە سەرۆکی ئەمریکا نەهێناوە. وێڕای ئەوەی، کە ئەوروپییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە رێککەوتنی ئەتۆمی جێی دانوستان و قابیلی گفتوگۆ نییە. هاوکات هەوڵی داڕشتنی ستراتیجییەتێک دەدەن، کە بەو هۆیەوە، بەرنامەی موشەکی ئێران و پشتیوانی ئاشکرا و بێ باكانه‌ی تاران لە حزبوڵڵا و حوسییەکان و بەشار ئەسەد، بخەنە سەر مێزی دانوستان.

ئاماژەکان دەڵێن، تاران لە هەوڵی پاراستنی گەورەترین دەستکەوتی دیپلۆماسی خۆیەتی، روون نییە بەدیل و بژاردەی دواتری کابینەکەی رووحانی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی چی دەبێت. بە مانایەکی دیکە، نزیک بوونەوەی هەڵوێستی ئەوروپا و ئەمریکا، یەکسانە بە ئاسۆی ناڕوونی گەورەترین دەستکەوتی حەسەن روحانی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com