هاوبیرانی دیموکرای، لەسەر بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان قسەیان هەیە

0

نوچەنێت

بەبپنەی بەستنی شانزەهەمین کۆنگرەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هاوبیرانی دیموکرات راگەیةدراوێکیان بڵاوکردەوە،

لە چەند رۆژی داھاتوودا، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی ١٦ یەمی دەبەستێ! کاتێک چاو لە وەزعی ئێران دەکرێ و ھەل و مەرجی ئێستای رۆژھەڵاتی کوردستان لەو بووارەدا ھەڵدەسەنگێندرێ،دەبینین کە باس لە سەر ھەر گۆڕانکارییەک و یەک لەوانە ھێنانە بەرباسی چۆنیەتی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکرات ھەم شیاوەو ھەم ئەرکە!

ئەم باسە بۆ ئەندامانی تێکۆشەروخاوەن رابردو و کەسانی پێشتر ئەندامی رێبەریی ئەو حیزبە، کە دڵیەشن یان دوورخراونەتەوە، ئەرکێکی جیددی و رۆژانەیە، چونکە خۆیان بەبەشێک لە شانازیی و چارەنووسی حیزب دەزانن! بە پێی ئەم کورتە ھەڵسەنگاندنە، ئێمە ھاوبیرانی دێمۆکڕات زۆر بە کورتیی بەڵام روون، رووانگەی خۆمان دەخەینە بە ر نەزەری گشتیی و بەشدارانی کۆنگرە! دیارە ئەوە بڵێین کە بەبوونی چەند ھاوبیرێکی دێمۆکڕات لەو کۆنگرەیەدا، ئەرکی ئێمە بۆ پێشکێشکردنی بۆچوون و دانی بەرچاوڕوونی زۆر پێویست ترە! ئەگەر لە لایەک لەبەر چەند ھۆی نادیار ; کاتی گرتنی ئەو کۆنگرە یە وەدواکەوتووە، لە لایەکی ترەوە، ھاوبیرانی دێمۆکڕات، ھەرگیز حەزیان نەدەکرد، ئەو کۆنگرەیە بگێرێ، بەڵکە پێمان وایە دەبوو کۆنگرەی گشتگیر بۆ یەکگرتنەوەی حیزب و بە بەشداری نوێنەرانی ھەموو ئەندامانی ناڕازیی دێمۆکڕات و لە دووبەشی حیزب پێک ھاتبایە! بەڵام مخابن ئێستا وەک دەبینین، بە بێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوون و پێشنیاری دڵسۆزان، کۆنگرە بەو زووانە دەگیرێ! ئێمە ھاوبیرانی دێمۆکڕات بە پێویستی دەزانین ھەڵوێست بگرین لە سەر پڕۆسە و بۆچوون و بڕیارەکانی کۆنگرە: رووانگەی ھاوبیرانی دێمۆکڕات لە سەر کۆنگرەی حدکا:

١- نە لە رۆژھەڵات و نە لە ئاستی حیزبەکانی رۆژھەڵات ،وەک باشوور; کەسێک بە پێناسەی کاریزمایی و کەسایەتی تایبەتیەوە ھەیە! بۆیە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە بۆ یەک، یەکی ئەندامانی کۆنگرە زۆر گرینگە و ئەرکی ھەرکامەیان بۆ بەتەنیا بیرکردنەوە بۆ بڕیارلەسەر چارەنووسی تێکۆشانی حیزب دا گرینگتر دەکا!

٢- نزیک بە سیی ، ٣٠ ، ساڵ نیشتەجێبوون لە بنکە سابیتەکان ; پێناسەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتیی داوە بە بەدەنەی حیزب، خەڵکێکی زۆر گەنج بوون، ئێستا ژیانی ھاوسەرییان پێکھێناوە، زۆر بنەماڵەی چوار و پێنجکەسی ژمارەیان گەیوەتە نزیک ٥٠ سەر خێزان! روونتر بڵێن بە حیسابکردنی سنووری ١٦ ساڵ تەمەن بۆ وەچەیەک دەبینین، تا ئێستا دوو وەچە لە ئۆردووگاکان پەروەردەبوون، تەنانەت کەسانی گەورەبووی ئۆردووگا، ئێستا بەرپرسایەتیی گەورەشیان ، ھەیە! ئەگەر ئەم دیاردەیە لە رستەیەک دا فۆڕمۆلە بکەین بەو ئاکامە دەگەین کە پێکھاتەی ئێستای حیزبەکەمان بووەتە چەند بنەماڵەیەک! لەگەڵ ئەوەش دا بیری عەشیرەگەریش بە چەند ناوچەیەکی کوردستانەوە دیارەو لە کۆنگرەدا رەنگ دەداتەوە! ئەگەر ئەو شێوەپێوەندیی یە کۆمەڵایەتیی یە لە بڕیاری کۆنگرەکان دا کاریگەر ببن، ئەوە ھیچ جیاوازی یەکی لە گەڵ بڕیاردان لە جۆری بنەماڵەیی و تەنانەت عەشیرەگەری نی یە! ئەوەش رەنگە بەر لە ھەر شت، تەوافوق و پێکھاتن بۆ دابەشکردنی بەرپرسایەتیی لێ بکەوێتەوە، دیارە لە سەر حیسابی پاراستنی بەرژەوەندی تاک و لە ژێر پێ نانی بەرژەوەندی گشتیی و مێژووی ٧٠ ساڵەی حیزب! ھاوبیرانی دێمۆکڕات دڵسۆزانە، ھۆشداری دەدەن بە نوێنەرانی کۆنگرە ئاگاداری ئەم دۆخە نامۆیە ببن!

٣- بۆچوونی خۆمان وەک ھاوبیرانی دێمۆکڕات دەیھێننەوە بەرباس کە ئەو کۆنگرەیە بۆ لایەنێک پێویست نەبوو، بەڵام ئێستا کە دەگیرێ بۆ نیازپاکیش بێ، رێگەبدرێ ھەیئەتێک لە بەشەکەی دیکە وەک میوان بەشداری کۆبوونەوەکانی کۆنگرەببن!

٤- پرسی سەربەخۆیی سیاسیی، بە نیسبەت باشوور ،کە پێش لێکترازانی حیزب لەسەر بنەمای نووسراوەی کەسانێکی دیار، تێکۆشانی ئێمەی لکەدارکردووە، دەبێ بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوەو کارێک بکرێ کە دۆخی حیزب بگەڕێتەوە، سەربەخۆیی سیاسی زەمانی رێبەرانی شەھید، بەتایبەت قاسملووی نەمر!

٥- کۆنگرەی حدکا، دەبێ رێچکەی سیاسیی خۆی زۆر بەروونی بەرامبەر، وەزعی ئێستای ئێران، بە ئێمپڕاتۆری ئیسلامی یەوە، و دوای رووخانی ئەم رێژیمە لە چوار ئاستی خوارەوەدا دیاری بکا: – حیزب زۆر جوان ھەڵوێستیگرتووە و دەزانێ کە بە بوونی ئەو رێژیمەوە، ھیچ شتێک بۆ گەلەکەمان دەستەبەر ناکرێ، بەڵام ھەر لە جێدا دەبێ ئەوەش بزانین کە ھیچ جیاوزی یەکی بیرو بۆچوون لە نێوان رێژیم، باڵەجیاجیاکانی نێو رێژیم و موخالیفانی ئێرانی رێژیم بە راست و چەپ و ئاینی و نەتەوەییانەوە نی یە! بۆ یە دەبێ سیاسەتێکی روونتر لەو بووارەدا بگرینە پێش! – بیر و دەنگۆی شاپەرستی لە نێو رێزەکانی دووبەشی حیزب داھەیە، ئەو بیرە بە مانای وەشوێنکەوتنی وەھمە و پاشایەتیی لە ئێران ، دانامەزرێتەوە! سەرەڕای ھەموو نەھامەتی یەکانی گەلی کورد لە زەمانی رێژیمی شا، نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە شایەتیی لە ئێران دا کوشتن و تێرۆری سێ رێبەری ئێمەی لێکەوتۆتەوە، وەک: جەوەراغای شکاک، سمکۆ ی شکاک و پێشەوا قازی محەمەد! – ئێمە ھاوبیرانی دێمۆکڕات پێمانوایە بە رووخانی ئێمپڕاتۆری ئێران، وڵاتێکیش بە نێوی ئێران نامێنێ! لەو باوەڕەداین کە بەدیلی رووخانی رێژیم دەستبەجێ خۆئیدارەکردن و سنووردیاریکردنیی; بەلووچستان، عەڕەبستان، ھورموزگان، تورکمەنسەحرا، گێڵان و مازەندەران، ئازەدبایجان و بەرلە ھەمووشیان کوردستانی لێدەکەوێتەوە! چ سیاسەتێک بۆ ئەو کاتە؟ چ بەرنامەیەک بۆ ئەو واقیعە؟ و چ ھاوبیری یەک لە گەڵ دەوڵەتە جیا لە یەکەکان دەگیرێتە پێش؟: دەبێ بەشێک بێ لە بەرنامەی کاری کۆنگرە! – لە حاڵەتی لەبەر یەکبڵاوبوونی ئێران، نزگکترین و زیاترین و مێژووییترین پێوەندیمان لە گەڵ باشووری کوردستان بۆ دەڕەخسێ; لەم حاڵەتەش دا دەبێ کۆنگرە ھێڵی گشتی خۆی بۆ رێبەری تاکۆنگرەی داھاتوو دیاری بکا کە حیزب دەبێ چی بکا! ئێمە پێمانوایە; پرسەکانی نەوتی باشوور و ئاوو کشت وکاڵ و میوەجاتی رۆژھەڵات، دەبێ و دەتواندرێ ببێتە ھەوێنی پێکەوە لکانی ئەم دووبەشە لە کوردستانی گەورە!

٦- بڕگە و بەرنامەی ھەر ە دیار ی کاری کۆنگرە، باس دەبێ لە سەر گەڵاڵەیەک کە دووبارە داڕشتنەوەی تێکۆشانی تەشکیلاتی حیزبی لێدەکەوێتەوە! ئێمە ھاوبیرانی دێمۆکڕات; ھەم ئەسڵی گەڵاڵەکەمان لە لایە و ھەم، پێداچوونەوەکەی لە کۆتا پلێنۆمی ئەم دواییەدا! بەڵام نامانەوێ، ھێڵ بە ھێڵ جێ لاواز و بەھێزەکانیی دەستنیشان بکەین بەڵکە لەو پێوەندی یە دا ئەم چەند تێبینییەی خوارە وە پێشنیار دەکەین: – ئەگەر بەڕاست مەبەست بەرەوپێشبردنی کارەکانە و بەڵێنی بۆ تێکۆشانی زیاتر دەدرێ!؟ چ پێویست دەکا پێکھاتەی تەشکیلاتی حیزب بگۆڕدرێ، لە بری ئەوە دەکرێ ئەو کەسە بەتوانایانە کە کاریان لەدەست دێت، ئەرکی نوێ یان پێ بسپێردرێ و کەسانی تائێستا بەرپرسی بەش و رێبەریی بە ئیحتیڕامەوە، جێگۆڕکەیان پێ بکرێ! – ئەگەر مەبەست لەو گەڵاڵەیە دوورخستنەوە ی کۆنە و دانانی تازەکانە، ئەوە نادروستە و حیزب لەم وەزعەی دا کە بە ژمارە و بە پلانداڕێژ زۆر لە کەمی داوە، ناتوانێ، تەحەمولی دوورخستنەوەو دوورکەوتنەوەی زیاتر بکا! – ئێمە پێمانوایە ئەو گەڵاڵەیە دەبێتە ھۆی ئەوە کە کۆمیسیۆنەکان، بەڕێوەبەریی و بەگشتی سەرووترین و خوارترینی ئۆڕگانەنەکان، بە بیر و بڕیاری تاک بەڕێوە بچێ! ئەوە چەندین پرس دەخوڵقێنێ کە بەشێکییان ئەوانەن: داخوا گەڵاڵەکە نابێتە ھۆی گۆڕینی ئسکلێتیی حیزب؟ داخوا ئەو گۆڕانە، حیزب لە پێناسەی مێژوویی خۆی دوورناخاتەوە؟ داخوا چەشنە تەشکیلاتێک; لە ئاکامی ئەوگەڵاڵەیە، بەرھەم دێ، نزیک نابێ لە تەشکیلاتیی حیزبی دیکەی ئێرانیی و کوردستانیی! بۆ وێنە موجاھیدی ئێرانیی و پێ کاکای کوردستانیی؟ داخوا ئەگەر بەوجۆرە کە پێشتر باسمانکردکە حیزب کاریزمای نەماوە، ئەو گەڵاڵەیە پیادەبکرێ، بڕیاردەر نابێتە، کەسی بێ مونافەسەو دەستوەرنادا لە گۆڕینی چارەنووسی حیزب؟ ئەی باشە ئەگەر ئەو گەڵاڵەیە پیادەبکرێ، بەکردەوە نابێتە ھۆی دوورکەوتنەوەی، دووبەشی لێکدابڕاوی حیزب؟ ھەر لە ئێستاوە دیارە کە ئەگەر ئەو گەڵاڵەیە بەو جۆرە کە ھەیە، پەسەند بکرێ، دەبێتە ھۆی وەلانان و دوورخستنەوەی ئەو ھاوڕێ لەگەڵ یەک و لێکنزیکانەی کە بە ھاوکاریی و ھاوبەندی یەکتر، بوون بە بەشێک لە ھۆی دابڕانی حیزب لە کۆنگرەی ١٣ دا! ھەر دەڵێی ئەو گەڵاڵەیە بۆیە دەبێتە بەرنامەی ھەرەگرینگی کاری کۆنگرە، بۆ ئەوە جارێکی تر، دەستەیەک لێبدرێ و دستەیەک بچێتە سەرێ! نوێنەرانی کۆنگرەبەدوور لە ھەستی ; بنەماڵەیی، ناوچەگەریی و عەشیرەیی دەبێ بەرپرسانە شیکردنەوە بۆ ئەو گەڵاڵەیە بکەن و رێگەنەدەن گەڵاڵەکە ببێتە، ھۆی لاوازی زیاتری حدکا!

٧- کاری کۆنگرە داڕشتنی پرۆژە وپلانی وورد نی یە بەڵام کۆنگرە دەتوانێ ستڕاتێژی بۆ حیزب دیاری بکا، ئێمە ، ھاوبیرانی دێمۆکڕات، پێشنیار دەکەین لەم بوارەدا حیزب وەک پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان، ناوی خۆی دابڕێژێتەوەو ووشەی پینە و دژ بە سەربەستی حیزبایەتیی “ایران” لە پاشکۆی خۆی ھەڵبگرێ! ھەروەھا ئەگەر ئیسرار لە سەر ھێشتنەوەی دروشمی کۆنی فیدێڕالی ھەیە ; بەھەر حاڵ بەڵام دەبێ بڕگەیەکیش بۆ بەرنامەی سەربەخۆیی دیاری بکرێ!

٨- لە بیرمان نەچێ واتای کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانە و چارەنووسی حیزب دەگۆڕێ ; ئەرکی سەرشانی بەشداران زۆر گرینگ و مێژوویی پێناسە دەکا! ئەگەر کۆنگرە و نوێنەرانی بە ئەرکی سەربەخۆیی بڕیاردان، وەفادار نەبن، ئەوا دێمۆکڕاسیی زۆرایەتی کۆنگرە، دەبێتە دەمکوتی کەمایەتیی و گۆپاڵی وەدەرنان و پاڵپێوەنان، لەو روانگەیەوە چاوەڕووانی ئەوەمان ھەیە کە بۆچوونی کەمایەتیی بە باشترین شێوە رێزی لێبگیرێ! دەنگی نھێنی وراستەوخۆ، بڕیاری ژیرانە بۆ ھێشتنەوەی ھەر تاکێکی تێکۆشەر ی ئەندام و دڵدانەوەو دەعوەت بەکارکردنی ناڕازییان و دوورخراوەکان یەکێک لە پێویستیترین ئەرکە بنەڕەتی یەکانی نوێنەری کۆنگرەیە!

٩- لە حاڵەتی پاشەکشەی ھێزی داگیرکەر لە رۆژھەڵات و یا رووخانی رێژیم، ئەو واقیعە دێتە بەرچاو کە ئەگەر لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ واتە ١٩٧٩ دا جیا لە حیزبی دێمۆکڕات ھێزی دیکەش ھاتنە مەیدانی تێکۆشان، ئەم جارەش ھێزی نوێتر دێتە مەیدان، یەکێک لەو ھێزانە پژاک ی سەر بە پێ کا کا یە! کۆنگرە دەبێ لەو بوارەدا لەسەر سێ رەھەند بەرچاوڕوونی بدا بە بەڕێوەبەری تازە:

یەکەم : ئایا حیزب و حیزبە دۆستەکانیی بەشێوەی باشوور ; کە لە گەڵ پێ کا کا بەشەڕ ھاتن; لەبەرانبەر پژاک دا رادەوەستنەوە؟ دوویەم:

ئایا پژاک بە یارمەتیی پێ کاکای قەندیل دەست بەسەر رۆژھەڵات دادەگرن؟

سێ یەم: یان ئایا مەنتیقی دۆستایەتیی و برایەتیی لە گەڵ پژاک دێتە ئاراوەو دنیا دەبێتە مەدینەی منەوەرە!؟ لە ئەگەری ھاتنە ئارای ھەر کام لە سێ خاڵی بەندی ٩، پێکھێنانی ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە بە فەرماندەیی ھاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی ھەموو رۆژھەڵات لە گەڵ ئەو ھێز و رێکخراوانە کە بەرپرسانە و بە کردەوە پۆلۆرالیزم قەبووڵ دەکەن بە پێویست و بە ئەرکی بنەڕەتی سەرکەوتن دەزانین! بە ھەموو ئەو تێبینیانەوە کە ھەمانە و; تکاو داوامان ئەوەیەکە نوێنەرانی کۆنگرە سەرنجی بدەنێ و بە بیری ئاواڵە و ھاوڕێ یانەوە وەریبگرن; سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٦ ی حیزب ئاواتی دەروونی ئێمەیە! سەرکەوێ خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد و کوردستانی لە رۆژھەڵات سەرکەوێ ئاوات و ئامانجی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان مەرگ و نەمان بۆ ئێمپڕاتۆری ئێران.

ھاوبیرانی دێمۆکڕات 17.02.2018

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com