نوچەنێت:تایبەت
جێگرى سهرۆكى لیژنهى كاروبارى یاسایى لە پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت،ئەنجومەنی دادوەری هەرێم، لیژنەی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی پێکهێناوە و، کاری باشیان کردووە.
لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان، دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر هەموارکردنەی پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی، لەهەرێمی کوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، پۆژەیاساکە لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا پەسەندکرا. بەپێی یاساکەش ژمارەیەکی زۆر زیندانی ئازادکران.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، بەهار محمود ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان و جێگرى سهرۆكى لیژنهى كاروبارى یاسایى، لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی رایگەیاند”ئەنجومەنی داوەری هەرێمی کوردستان، لیژنەی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لەهەموو پارێزگاکانی هەرێم، پێکهێناوە. خۆم لەگەڵ لیژنەکەی پارێزگای سلێمانی بووم، کاری باشیانکردووە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە لیژنەکەی پارێزگای سلێمانی هەندێک پرسیار و سەرنجیان هەبوو لەسەر یاساکە و دەیان گوت، نیەتی یاسادانان لەهەندێک بابەت روون نییە. بۆیە ئێمە وەکو لیژنەی یاسایی جارێکی تر روونکردنەوەی پێویستمان پێدان، ئەوەش هاوکاریکردن بۆ ئەوەی جارێکی تر کارەکانی خۆیان بکەن.
جێگرى سهرۆكى لیژنهى كاروبارى یاسایى پەرلەمانی کوردستان، هەروەها گوتی”ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، لەهەر پارێزگایەک تێبینی یەکانمان کۆکردەوە و وەڵاممانداوە، بۆیە من پێموایە لیژنەکان، کارەکانی خۆیان بەباشی ئەنجامدەدەن و ئێتستا هیچ گرفتێک لەبەردەم کاری لیژنەکان، نییە”.