نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سبەینێ لیژنە تایبەتمەندەکان بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێکی هاوبەش لەسەر پڕۆژە یاسایی چاکسازی کۆدبنەوە.
پڕۆژەیاسایی (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسەندکرا و، رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا. لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و دراوەتە لیژنە تایبەتمەندەکان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوجەنێت، مەدینە ئەیوب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و لیژەنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەباری کاری لیژکانی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە رایگەیاند “لەئێستا دا لیژنەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی خۆیانن، زۆربەی لیژنەکان راپۆرتی خۆیان ئامادەکردووە، تەنها هەندێک لە لیژنەکان نەبێت هەندێک بەشیان ماوە هێشتا تەواونەبووە”.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لیژنەکان مەدینە ئەیوب، گوتی “سبەینێ (یەکشەممە ١٨-٢-٢٠١٨)، کاتژمێر ١١ هەر یەکە لە لیژنەکانی، دەستپاکی، یاسایی، دارایی، ناوخۆ، كاروباری پەرلەمان و كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، کۆدەبنەوە بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێکی تێر و تەسەلی هاوبەش، دواتر ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت”.