نوچەنێت
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژانی ڕابردوو لە میانەی گوتارێکدا بە بۆنەی ساڵیادی شۆرشی گەلانی ئێران، گشتپرسی وەک تەنها چارەسەر بۆ دەربازبوون لە بن بەستەکان وەسف کرد.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە هەندێک بابەتی جێی ناکۆکی لە نێوان دامودەزگا حکومیەکانی ئەم وڵاتە، داوای کردووە بۆ یەکلاکردنەوەیان گشپرسی ئەنجام بدرێت.
رووحانی، لەم بارەیەوە ئاماژەی بە هەرێمی تاکە-کەسی خەڵکی ئێران و بابەتی پشتڕاست نەکردنەوەی شیاوبوونی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنەکان، کردووە.
سەرۆککۆماری ئێران، وێڕای ئاماژەدان بەوە، کە هەڵبژاردن تەواو بووە، بە نەیارانی خۆی گوت، دەبێ هەموان پێکەوە بین و ئاسایشی خەڵک دابین بکەین.
هاوکات رایگەیاند، یاسای بنچینەیی بنبەستەکانی هەڵگرتووە و ئەگەر لە سەر بابەتێک مشتومڕمان هەیە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستوورەکە و بەو پێیە دەنگی خەڵک یەکلاکەرەوە بێت.
ناوبراو، پێشتریش پێشنیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لەبارەی پرسە ئابووری، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان کردووە.
بابەتی چاپەمەنییەکان، دەستگیرکردنی چالاکانی سیاسیی و مەدەنی ڕەتکردنەوەی شیاوبوونی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکان و، دەستوەردانی دامودەزگا سەربازیی و ئەمنییەکان، بە دیاریکراوی سوپای پاسداران لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بەشێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان رابەری کۆماری ئیسلامی و سەرۆککۆمارەکانی ئەم وڵاتە، بووە.
بۆچی حەسەن رووحانی پێشنیاری گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک دەکات؟
یەکێک لەو ئەگەرانەی، کە لەم بارەوە لە ئارادان، ئەو بن بەستەیە، کە بەهۆی سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئێران پێکهاتووە. سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە سەر هەموارکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، کە ئەگەر هەموار نەکرێتەوە، ئەمریکا یەک لایەنە لە رێککەوتنەکە دەکشێتەوە، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی خودی رێککەوتنەکە دێت. لەبەرامبەردا، ئێران جەخت دەکاتەوە، کە هیچ گۆڕانکارییەک لەم رێککەوتنە قبووڵ ناکات و لەم بارەوە ئامادە نییە بستێک پاشەکشە بکات.
لەم نێوەدا، ئەگەرچی هاوبەشە ئەوروپیەکان، پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنەکە راگەیاندووە، بەڵام ئەوانیش سەبارەت بە بەرنامە موشەکیەکانی ئێران و سیاسەتی دەستوەردانی تاران لەکاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، گوشاریان خستۆتە سەر ئێران و پێشوازی لە سنووردارکردنی هێز و رۆڵی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
لە وەها دۆخێکدا، هەڵوێستی داهاتووی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا و هاوبەشە ئەروپیەکان و وڵاتانی لایەن لە رێککەوتنی ئەتۆمی، کێشەیەکی نوێ لەبەردەم تاران دروست دەکات. بە تایبەتی، کە لەناوخۆوە، گوشارێکی لەرادەبەدەر لە سەر حەسەن روحانی و تیمەکەی هەیە و ئەمەش تەنگی بە روحانی هەڵچنیوە.
گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک و ئەنجامدانی گشتپرسییەکی کۆنترۆڵکراو، رەنگە بتوانێ ببێتە میکانیزمێک تاکو بەو رێگەوە دەوڵەتی رووحانی پاساو بۆ هەڵوێستی دواتری خۆی لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی بێنێتەوە، لە ئەگەری جددی تربوونی بەڕێوەچوونی ئەم ریفراندۆمە، رەزامەندی رابەری ئێرانیش دەتوانێ پشتڕاست کردنەوەی ئەم بژاردەیە بێت.
خاڵێکی جێی سەرنجی گوتارەکەی روحانی ئەوە بوو، کە ناوبراو گوتی “دەبێ رکابەرایەتی و ململانێکان وەلابنێین و یاسا و ڕیوشوێنە نێودەوڵەتیەکان رەچاو بکەین.
رووحانی لە گوتارەکەیدا کۆمەڵێک باسی خەڵک پەسەندی هێنایە ئاراوە، لەوانە ئازادیەکان، مافی خەڵک بۆ خۆپێشاندان و دەربڕین ناڕەزایی کرد
یەکێک لەو کێشانە، کە باڵەکانی دەسەڵات ناکۆکیەکان لە سەرە، پەیوەندی بە گوشار و سەرکوتانەوە هەیە، کە لە سەر خەڵکی ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەمەش یەکێک لەو بنبەستانەیە، کە رووحانی پێیوایە دەبێ چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە.
رووحانی جەخت دەکاتەوە، کە ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان تەنها لایەنی ئابووری نییە و خەڵک لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەی قسەیان بۆ گوتن پێیە. ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەنگی خەڵک و گوێیان لێ بگرین.
رەنگە بیرۆکەی گشتپرسی لەم گۆشەنیگاوە، سەرباری ئەوەی، کە کەشی ناوخۆ ئارام دەکاتەوە، ببێتە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی حکومەت، بەو جۆرەی، کە دەیهەوێ.
رووحانی لە هەوڵدایە دەم و چاوێکی جیاواز لە خۆی بخاتەڕوو، نیازێکی وا بە باشی لەم گوتانەی روحانی خۆی دەردەخات، کە دەڵێت، لێگەرێین خەڵک ئاسودە بن، لە هەرێمی تاکەکەسی ئەوان دەستوەردان نەکەین، بۆ جاریکیش بووە بڕیاری ٨ خاڵی رابەری رێژیم (ئایەتوڵڵا خومەینی) بخوێنینەوە و بەو پێیە مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەین.
بۆچوونێکی دیکەی هەیە، کە پێیوایە رووحانی بە هێنانە ئارای بابەتی گشتپرسی، بە نیازە بۆ جارێکی دیکەش، رەوتی خۆی لە ئێران بەهێزتر بکات.
پێگەی “عصر نو”، لە بابەتێکدا تیشکی خستۆتە سەر ئەم بۆچوونە و دەڵێت، لە کاتێکدا روحانی پێشنیاری ئەنجامدانی ریفراندۆنم دەکات، کە باڵباڵێنی و ململانێی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەم وڵاتە گەیشتتۆتە لووتکە.
بە گوێرەی ئەم بۆچوونە، رووحانی بەم رێگەوە دەیەوێ بابەتی گشتپرسی وەک کارتێکی فشار بۆ سەر باڵی کۆنەپارێز و نەیار، بەکاربهێنێت.
ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم ئیمکانی هەیە؟
بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە ئێران کارێکی ئاسان و هەموار نییە. بە پێی لێکدانەوەیەک، کە لە یاساکانی ئێران دەکرێت، بێجگە لە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، دەبێ دەنگی ئەرێنی ئەنجوومەنی چاودێری و لە کۆتاییدا رەزامەندی رابەری کۆماری ئسیلامی لەسەر بێت.
وەک یەکەمین دژایەتی و کاردانەوە بەرامبەر بەم پێشنیارەی روحانی، عەباس عەلی کەدخودایی، گوتەىیژی ئەنجومەنی چاودێری، لە پەیجی تێلێگرامی خۆی، پێشنیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی بە بابەتێک وەسف کرد، کە خوێندنەوەی کارناسانەی بۆ نەکراوە.
لە وڵاتێکی وەکو ئێران، کە مەیدانی ململانێ و باڵباڵێنی لایەنەکانی ناوخۆی حکومەتە و رابەری ئەم وڵاتە بڕیاری کۆتایی لایە و کۆمەڵگا هیچ رۆڵێک بۆ یەکلاکردنەوە کێشەکان نابینێ، باس کردن لە گشتپرسی تەنها تابۆیەکە.