ئەمڕۆ ١٩ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ئۆجەلان تێدەپەڕێت

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ (پێنجشەممە ١٥-٢-٢٠١٨) ١٩ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێدەپەڕێت، کە بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی چەند وڵاتێک دەستگیرکرا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە ٤-٤-١٩٤٨، لە گوندی ئاماڕای سەر بە شاری رحا (ئورفە) لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. دواتر قوتابی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٨٤ خوێندکاری زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە بوو، بەڵام بەهۆی کاری سیاسییەوە، نەیتوانیوە کۆلێژ تەواو بکات.

ئۆجەلان، کە لایەنگرانی بە ئاپۆ ناوی دەبەن، لە ٢٧-١١-١٩٧٨، پەکەکەی دامەزراندووە و لە یەکەم کۆنگرەی حزبەکەش، کە لە گوندی فیسی سەر بە شارۆچکەی لیجە لە پارێزگای ئامەد بە بەشداریی ٢٣ ئەندام ئەنجام درا، بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرا و دواتر پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی بە خەباتی چەکداری لە دژی حکومەتی تورکیا کرد. 

لە ساڵی ١٩٨١، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە لە ترسی گیران و ڕاوەدونانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، پەنایان بۆ لوبنان برد و لەوێ سەربازگەیان کردەوە،

دواتریش لە ساڵی ١٩٩٠ لە سووریا کەمپی مەشق و ڕاهێنانی بۆ ئەندامانی پارتەکەی کردبووەوە و تێیدا ڕۆژانە وانەی سیاسیی، سەربازیی و فیکری دەگوترانەوە، دواتر دەنێردرانەوە بۆ باکووری کوردستان. 

ئێستا پەکەکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهان بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

ئۆجەلان دوای داوای جێهێشتنی سووریا لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتە، روویکردە رووسیا، حکوومەتی رووسیا ڕەتی کردەوە مافی پەنابەرێتی سیاسیی بە رێبەری پەکەکە بدات، دواتر ئەوروپاش هەمان شتى کرد بەرامبەر ئۆجەلان، هیچ وڵاتێک ئامادەی داڵدەدانی نەبوو.

سەرەنجام لە شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی فێبریوەری ١٩٩٩، لەڕێگەی فڕۆکەیەکی یۆنانیەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە بەڕێدەکەوێت بۆ ئەفریقا، ئەمەش دوای رێککەوتنی ئۆجەلان و حکوومەتی یۆنان بوو، کە ماوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە نایرۆبی بمێنێتەوە و دواتر داوای مافی پەنابەرێتی سیاسیی لە کینیا یان وڵاتانی دیکەی ئەفریقا بکات.

ئۆجەلان سەرەتا سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای تاوانەکانی تورکیاوە بۆ دەرکرا، بەڵام بەهۆی کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ترسی تێکچوونی بارودۆخی نیوخۆی تورکیا، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت)، بەهاوکاری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕۆژانە چاودێری جموجۆڵەکانی ئۆجەلان و هاوڕێکانیان دەکرد لە وڵاتانی ئەوروپا، دوای گەیشتنیشی بە نایرۆبی، تیمەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و تورکیا، توانیان گوێ لە گفتوگۆکانی نێوان ئۆجەلان و هاوڕێکانی بگرن. ئەو تیمە هەواڵگرییە پلانی دەستگیرکردنی ئۆجەلان لەنێو ئەو خانووە دادەڕێژن، دواتر دەستبەسەری دەکەن و ڕەوانەی تورکیای دەکەنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com